دوای ئەوەی لەسەر ناكۆكییەكانی قوبرس و دەستبردن بۆ یۆنان لەلایەن توركیاوە، هەروەها بۆردمانە بەردەوامییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان و خاكی عێراق، فڕەنسا چەند جارێك هۆشداری دەداتە توركیا، گوتەبێژی ئاكپارتیش لە وەڵامدا هۆشداری دەداتە سەرۆكی فڕەنسا.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول،
عومەر چەلیك گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتیی دەكات ڕای گەیاند، "یۆنان هەوڵ بۆ هەندێك شتی گەورەتر لە قەبارەی خۆی دەدات، هیچ وڵاتێكیش وەك توركیا جێی متمانە پێكردن نییە بۆ ئەو وڵاتە، بۆیە پێویستە پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێمە باش بكەنەوە".
گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت و گاز لە دەریای ناوەڕاست هیچ پێوەندییەكی بە یۆنان نییە
زیاتر گوتی، "ئەگەر ماكرۆن لەناو ئاو و وڵات و خاكی خۆمان هێڵی سوورمان بۆ دابنێت، ئەوا ئێمەیش هێڵی سوور بۆ ئەو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێین، بۆیە بەئاشكرا ڕای دەگەیەنین كە هەوڵەكانی وڵاتەكەمان لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت و گاز لە دەریای ناوەڕاست هیچ پێوەندییەكی بە یۆنان نییە و بەردەوامیش دەبین."
گوتەبێژی ئاك پارتی ئاشكرای كرد، "بەهەموو دنیا ڕادەگەیەنین كە لە بابەتی نیشتمانی شیندا، گاڵتە ناكەین و ئەو داوای لێبوردنەش قبووڵ ناكەین كە بەهۆی كردەوەیەكەوە بێت و دواتر پێویستی بە داوای لێبوردن بێت".
چەلیك ئاماژەی دا، "یۆنان لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەوڵەتێكی چەتەیە، بە كارێك كە لە خۆی گەورەترە هەڵدەستێت، ئەنجامی هەموو ئەم دیپلۆماسییە لە دژی توركیا بە شكستی قورسی حكوومەتی یۆنان كۆتایی دێت".
ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ڕۆژی هەینی ڕابردوو، جۆزیپ بۆریل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا ئاشكرای كرد، كە وڵاتانی ئەوروپا تاوتوێ چەند ئەگەر و بژارەیەك دەكەن، تا وەك سزا بەسەر توركیای بسەپێنن، بۆ ئەوەی وەك فشارێكی چڕ بۆ سەر ئەنكەرە بەگەڕ بخرێ، تا لە پێشێلكردنی سەروەری یۆنان و قوبڕس دوور بخرێتەوە و سنوورێك بۆ ئەنكەرە دابنرێت.