لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار دا وەرزی یەكەمی ساڵی نوێی خوێندن بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی دەست پێ بكات.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، لە ڕاگەیەنراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد كە تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی بژاردەكانی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن 2020-2021 لە ناوەند و دامەزراوەكانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان .
لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا ، هەریەك لە ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە و عەبدولحەكیم خەسرۆ سەرۆكی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون (لە جیاتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) ڕاپۆرتێكی بەرفراوانیان لەبارەی چۆنێتی و ئەگەر و بژاردەكانی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن خستەڕوو بە لەبەرچاوگرتنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنوێنییە تەندروستییەكان.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا وەرزی یەكەمی ساڵی نوێی خوێندنی 2020-2021 بە شێوەی خوێندنی ئەلیكترۆنی دەست پێ بكات
.
دواتر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێكی هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی تەندروستی ئێستەی هەرێمی كوردستان و ئامارەكانی پەتای كۆرۆنا(كۆڤید 19) و پێشھات و ئەگەرەكان خستەڕوو .
دوای تاوتوێكردنی هەموو ئەگەرەكان و بە هۆی بەردەوامیی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، لە پێناوی بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن و فێركردن و پاراستنی بەرژەوەندیی قوتابیان و خوێندكارانی هەرێمی كوردستان و لەسەر پێشنیاری وەزارەتە پێوەندیدارەكان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا وەرزی یەكەمی ساڵی نوێی خوێندنی 2020-2021 بە شێوەی خوێندنی ئەلیكترۆنی دەست پێ بكات (جگە لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی)، وەزارەتە پێوەندیدارەكانیشی ڕاسپارد لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیان ڕێنوێنی و ئامادەكاریی پێویست بكەن بۆ ڕاگەیاندنی رۆژمێری وەرزی یەكەمی خوێندن لە گشت ناوەندەكانی خوێندن و دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن بەشێوەی ئەلیكترۆنی.
ئەنجوومەنی وەزیران سەرەڕای دووپاتكردنەوەی گرنگیی پابەندبوونی هاووڵاتییان بە ڕێنوێنییەكانی خۆپارێزیی لە كۆرۆنا كە بەداخەوە لە تەشەنەكردندایە، وەزارەتی تەندروستیشی ڕاسپارد كە ڕێنوێنییە تەندروستییەكانیان لەمبارەیەوە ڕێكبخەنەوە و بە ھاوئاهەنگیی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەردەوام بن لە ھەڵمەتەكانی ھۆشیاركردنەوەی خۆپارێزیی و وەزارەتی دارایی و ئابووری و سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش، هاتنە راسپاردن كار بكەن بۆ دابینكردنی پێداویستی دارایی بۆ ئەم پرۆسەیە بە ھاوئاھەنگی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی .