درەنگانی شەوی رابردوو بەهۆی هەورەبرووسكەوە، چەند رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە دەڤەری سۆران دروست بوو، بەرپرسێكی بەرگریی شارستانیش زانیاری ئاشكرا دەكات .
تا ئێستەیش ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، بەیار باڵەكی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی هەورەبرووسكەیەكی بەهێز رووداوی ئاگركەوتنەوە لە پووش و پاوانی چەند شارەدێیەكی سنوورەكەمان رووی دا.
زیاتر روونی دەكاتەوە، لە سنوورەی بنكەكانی شارۆكەی مێرگەسۆر كە شەش بنكەی بەرگریی شارستانی لێیە، لەگەڵ هاووڵاتییانی ناوچەكەن و سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەن، تا ئێستەش ئاگرەكە بەردەوامە و نەكوژاوەتەوە.
"جیا لە مێرگەسۆر، چەند ناوچەیەكی تریش بەهۆی ئەم هەورەبرووسكانەوە تووشی رووداوی ئاگر بوون، لەوانە بنكەكانی خانەقا لە سنووریی شارۆكەی رواندز و بنكەی سمیلان لە سنووری شارۆكەی چۆمان، بەڵام لەم دوو ناوچەیە توانرا ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكرێن". بەیار باڵەكی وای گوت.
بەپێی زانیارییەكانی " وشە" هەر لە ئەنجامی هەورەبرووسكە، لە چەند ماڵێك شۆرتی كارەبا دروست بووە و ژمارەیەك ئامێری ئەلیكترۆنی سووتاون .
سۆران/ موڕشید برادۆستی