دوای ئەوەی ماوەی هەفتەیەكە هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر ناوچەكانی كەركووك و خانەقین و دووبز گەیشتووەتە ئاستی بەرز و چەندان قوربانی لەلایەن هێزە عێراقییەكان لێ كەوتووەتەوە، ئەمڕۆ هێزێكی تایبەتی عێراقی دەستیان بە پشكنین كرد لە چەند گوندێكی عەرەبی.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن
سۆمەرییە نیوزەوە بڵاو كراوەتەوە، لە شاری كەركووك لە گوندی حەشیشە، لەلایەن هێزەكانی لیوای 54ی فرقەی 11ی عێراقییەوە توانرا مۆڵگەیەكی گەورەی داعش و سێ حەشارگە پڕ لە چەك بدۆزرێتەوە.
ئاشكرا كراوە، ئەو مۆڵگە و حەشارگانەی داعش پڕی بووە لە هاوەن و چەندان چەكی قورس، توانراوە دەستی بەسەردا بگیرێت و چەند شوێنێكیش تێك بدرێت.
ئاماژە كراوە، هەوڵەكان بۆ پشكنینی چەندان گوندی عەرەبی لە ڕۆژئاوای كەركووك بەردەوامە، زانیارییەكانیش لەلایەن هێزە هەواڵگرییە عێراقییەكانەوە پێیان درابوو.
شایانی باسە هێزە عێراقییەكان تا ئێستە ددان بەوە دەنێن كە توانای ئەوەیان نییە كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری بپارێزن، شەوانە داعش هێرشی چڕ دەكات و قوربانی زۆریان لێ دەكەوێتەوە لەلایەن هەردوولاوە.