وەچەخستنەوە یەكێكە لە لایەنە گرنگەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ژیانی خێزانی، ئێستە خەڵكانێكی زۆر دوور لە زانینی مەترسییەكانی، خوویان بە بەكارهێنانی شەوانەی مۆبایل و لابتۆبەكانیانەوە گرتووە، توێژینەوەیەكی ئەمەریكی بوونی پێوەندی لە نێوان كوالیتی سپێرمی مرۆڤ و بەكارهێنانی شەوانەی مۆبایل و لابتۆب ئاشكرا دەكات.
ئەوانەی شەوانە زیاتر نوستوون سپێرمی زیاتر و باشتریان دەبێت
وەك تۆڕی هەواڵی
"فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، توێژینەوەكە كە لەلایەن ئەكادیمیای ئەمەریكا بۆ پزیشكی نوستن، ئەنجام دراوە، باسی ئەوە دەكات كە دەركەوتنی سپێرمی لاواز، پێوەستە بە بەكارهێنانی شەوانەی مۆبایل و لابتۆبەوە.
ئەمیت گرین، سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە دەڵێت، بەكارهێنانی مۆبایل و لابتۆب و تەلەڤزیۆن لە ئێوارەدا، هەموو ئەوانە پێوەستن بە كەمبوونەوەی كوالیتی سپێرمی پیاو، ئەنجامە سەرەتاییەكانی توێژینەوەكە دەری خست كە ئەو پیاوانەی ئامێرە رووناكیبەخشەكان بەكاردێنن، لەوانەیش مۆبایل و تابلێت و لابتۆب، لە شەوان و دوای نووستن، خاوەنی سپێرمێكی كەمتر چالاك و جووڵانەوەن.
تیمی توێژینەوەكە سامپڵیان لە 116 بەشداربوو وەرگرت، كە تەمەنیان لە نێوان 21 و 59 ساڵ بووە و ئەوانە خرانە پشكنینی ئاستی وەچەخستنەوەیان، كاتێك بەشداران وەڵامی ئەو پرسیارەیان دایەوە سەبارەت بە بەكارهێنانی مۆبایل و تابلێت و لابتۆب شەوانە و چۆنیەتی نوستنیان، هەروەها تیمەكە باسی بوونی پێوەندیان لە نێوان نوستن و باشیی سپێرم كرد و گوتیان، ئەو بەشدارانەی زیاتر نوستوون، سپێرم زیاتر و باشتریان هەبووە.