سكرتێری ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا دەڵێ، دوای رێككەوتنی سیاسیی نێوان تەڤدەم و ئەنەكەسە، ئێستە گفتوگۆ لەبارەی قۆناغی دووەم دەكرێت و لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی رۆژئاوا، بەڵام پەكەكە بەربەست دروست دەكات.
رێککەوتووین ھەر بڕیارێك لە رۆژئاوای كوردستان بدرێت دەبێ كوردی سووریا خۆیان بیدەن
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، سعوود مەلا سكرتێری ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا بە "وشە"ی راگەیاند، لە قۆناغی یەكەمدا رێككەوتنی سیاسی كراوە و لە قۆناغی دووەم گفتوگۆ لەبارەی ئیدارە و دارایی سەربازی دەكرێت، ئێستە لەسەر دروستكردنی ئەنجوومەنێك رێككەوتوون و لە ئیدارەدانی رۆژئاوای كوردستانیش ھەنگاوی باشیان ناوە و گفتوگۆكانیش بەردەوام دەبن تا دەگەنە رێككەوتن.
زیاتر روونی دەكاتەوە، كۆرۆنا ھەندێك بەربەستی دروست كرد و چەند ئەندامێكی شاندی ھەردوولا تووشی كۆرۆنا بوون و ماوەیەك دانوستانەكان بەوھۆیەوە راگیران، بەڵام كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن و سوورن لەسەر ئەوەی بگەنە رێككەوتن.
"ھەرێمی كوردستان ھاوكارێكی زۆر باشە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی بگەینە رێككەوتن، ھەرچی پێویست بێت ھاوكاریمان دەكەن بۆ لەیەك نزیكبوونەوە و گەیشتنە رێككەوتنی كۆتا". سعوود مەلا وای گوت.
سكرتێری ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا دووپاتی دەكاتەوە، پەكەكە بەردەوام دێتە نێوانیان و دەیەوێ رێككەوتن نەكرێت و بەربەست دروست دەكات، ھەموو ھەوڵێك دەدات ھەردوولا نەگەنە رێككەوتن و دەیەوێ ھاوشێوەی ڕابردوو قەناعەت بە تەڤدەم بكات رێككەوتن نەكرێت.
ئاشكرای دەكات، یەكێك لە مەرجەكانی رێككەوتنەكەی نێوان تەڤدەم و ئەنەكەسە ئەوەیە، ھەر بڕیارێك لە رۆژئاوای كوردستان بدرێت، دەبێ كوردی سووریا خۆیان بڕیارەكە بدەن و دەستی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان دوور بخرێتەوە، ئەمەش وای كردووە پەكەكە نیگەران بێت و دەستوەردان بكات، چونكە تا ئێستە ئەوان لە رۆژئاوای كوردستان حوكم دەكەن و سەرپەرشتی ھەموو كارێك دەكەن، بۆیە ھەموو ھەوڵێكی ئەوان ئەوەیە رێگری بكەن لەو رێككەوتنە.
رێككەوتنی نێوان تەڤدەم و ئەنەكەسە كە لەدھۆك بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی كرا و ئەو كۆبوونەوەیە كراوەتە بنەمای دانوستانەكانی ئێستە.
هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم