"با قوتابخانەكان بكرێنەوە و منداڵان لە جیاتی ترساندن هوشیار بكرێنەوە"

:: PM:04:22:02/09/2020 ‌
كەمتر لە مانگێكی ماوە وەرزێكی تری خوێندن دەست پێ بكات. پسپۆڕێكی دەروونی بە پێویستی دەزانێت بە رەچاوكردنی سەرجەم رێنوێنییە تەندروستییەكان قوتابخانەكان بكرێنەوە و منداڵان لە گۆشەگیری و یارییە ئەلیكترۆنییەكان رزگار بكرێن و لە جیاتی ترساندنیشیان لە كۆرۆنا، هۆشیار بكرێنەوە.

هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی تر بە دۆخێكی تایبەتیدا تێپەڕ دەبێت و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كاریگەریی لەسەر كەرتی پەروەردە و خوێندن هەبووە. هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرەتاكانی ئەمساڵ، بەشێكی زۆر لە خوێندنی وەرزی دووەمی قوتابخانەكان و ناوەندەكانی خویندن فەوتا و دەرگاكان بە رووی قوتابییاندا داخران.
بەو هیوایە ئەو رێوشوێنە توندە گیرایەبەر بۆ ئەوەی لە هەردوو وەرزی بەهار و هاوین نەخۆشییەكە بنبڕ ببێت

ئەوكات بەو هیوایە ئەو رێوشوێنە توندە گیرایەبەر بۆ ئەوەی لە هەردوو وەرزی بەهار و هاوین نەخۆشییەكە بنبڕ ببێت و لە سەرەتای پایزی ئەمساڵ بە دڵەڕاوكێیەكی كەمتر دەرگای قوتابخانەكان بكرێنەوە.

ئێستە سەرەتای مانگی ئەیلوولە و ئەگەر هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بوایە، دەبێت دوای دوو هەفتەی تر قوتابخانەكان بكرێنەوە، بەڵام دیسان  كەمێك درەنگتر دەكرێنەوە و پێشبینی دەكرێ لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە قوتابخانەكان بكرێنەوە.

بەپێی داواكارییەكی وەزارەتی تەندروستی كە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، دەكرێ لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە قوتابخانەكان بە ڕووی قوتابییەكاندا بكرێنەوە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش بە چەند مەرجێك كار بۆ ئەوە دەكات هەر لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە قوتابخانەكان بكرێنەوە.

كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان نەك بنبڕ نەبووە، بگرە لە خراپترین دۆخیدایە
كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان نەك بنبڕ نەبووە، بگرە لە خراپترین دۆخیدایە، لەوەتەی ئەم ڤایرۆسە سەری هەڵداوە و رۆژ نییە سەرووی 20 كەس بە كۆرۆنا نەمرن و سەرووی 500 كەسیش تووسی ڤایرۆسەكە نەبن. بەو پێیە هێشتا دۆخەكە مەترسیدارە و ئەگەر قوتابخانەكان بە رێوشوێنێكی زۆر گونجاو نەكرێنەوە و بە باشتر خۆیان بۆ پێشوازی لە قوتابیان ئامادە نەكەن، ئەوا لەوانەیە دۆخەكە خراپتر بێت.

جگە لە پاراستنی باری تەندروستی، ئەوەی زیاتر جێی تێڕامان و لێوردبوونەوەیە، باری دەروونی قوتابیانە و پسپۆڕانی دەروونی بە پێویستی دەزانن زۆر زیرەكانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكرێت.

وریا بن لەوەی بە چ شێوەیەك منداڵەكانیان بۆ چوونە قوتابخانە رابهێنن
یوسف عوسمان حەمەد پسپۆڕی دەروونی بۆ "وشە" روونی كردەوە، دەبێ لایەنە پێوەندیدارەكانی وەك وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە و دایكان و باوكان، زۆر وریا بن لەوەی بە چ شێوەیەك منداڵەكانیان بۆ چوونە قوتابخانە رابهێنن.

ئەو پێداگری لەوە دەكات بە هەموو شێوەیەك دەبێت ترس و دڵەڕاوكێ لە منداڵان دوور بخرێتەوە، لە جیاتی ئەمە ئاستی هۆشیاریی منداڵەكان بەرز بكرێتەوە و پێیان بگوترێت بە چ شێوەیەك لە پۆلەكان دانیشن و چۆن دەمامك بەكار بهێنن، بەشێوەیەك سوود لە بوتڵی ئاو و خواردنی یەكتر وەرنەگرن و چۆن دەستەكانیان پاك بكەنەوە.

بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە دەروونییە، بڕیارە گونجاوەكە هەر ئەوەیە قوتابخانەكان بكرێنەوە و منداڵان لە كۆمەڵێك كێشەی تر رزگار بكرێن. ئەو دەڵێت "لەو چەند مانگەی رابردوودا كە رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا هەبوون و منداڵان لە قوتابخانە و خوێندن و شوێنە پەروەردەیی بێبەش كراون، زۆریان گیرۆدەی یارییە ئەلیكترۆنییەكان بوون و بەشێكیشیان گۆشەگیر بوون و بە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان ئەم نەخۆشییانەش نامێنن."

نابێت رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا ببنە مایەی بێهیوابوونی قوتابیان
جگە لەمە ئەو منداڵانەی بۆ یەكەم جار دەچنە قوتابخانە، وەك هیوایەك سەیری قوتابخانە دەكەن و نابێت رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا ببنە مایەی بێهیوابوونی قوتابیان و لەگەڵ پاراستنی سەرجەم رێنوێنییە تەندروستییەكان، دەكرێ قوتابیانیش دەست بە خوێندن و پەروەردە بكەنەوە.

وەزارەتی تەندروستی دەبێت وریا بێ لە چاودێریكردنی قوتابخانەكان و نابێت وەك جاران سێ قوتابی لەسەر یەك رەحلە دابنیشن، یان بێ دەمامك لە پۆلەكان گوێ لە مامۆستا بگرن. ئەوەی ئەو پسپۆڕە دەروونییە زۆر پێداگری لەسەر دەكات، نەترساندنی منداڵانە و لە جیاتی ئەوەی منداڵان لەوە بترسێنرێن، دەچنە قوتابخانە لەوانەیە تووشی كۆرۆنا ببن، دەبێت لەوە هۆشیار بكرێنەوە و خۆیان بپارێزن و دەمامك بەكار بهێنن و ئاوی دەبەی تایبەتیی خۆیان بخۆنەوە، هیچ مەترسییەكیان بۆ نایەتە كایەوە.

كاریگەریی لەسەر گەشەی عەقڵی و جەستەیی و دەروونییان دەبێت
منداڵان بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتین و رێوشوێنی توند و دەستبەسەركردنیان لە شوێنێكی دیاریكراو، كاریگەریی لەسەر گەشەی عەقڵی و جەستەیی و دەروونییان دەبێت و پێویستە رێوشوێنەكان نە ئەوەندە توند بن كە منداڵان هەست بە بێزاری بكەن، نە ئەوەندەش شل بن دواجار مەترسی بۆ سەر تەندروستی كۆمەڵگا بێتە كایەوە.


وشە - سلێمان تاشان