لە زۆنگاوەكانی باشووری عێراق، هەزاران تۆن ماسی مردار بوونەتەوە، خاوەن كێڵگەكانی بەخێوكردنی ماسیش هۆكارەكەی بۆ ژەهراویبوون و داخستنی نایاسایی دەرگەی رووبارەكان و ژەهراویكردنی بە مەبست دەگەڕێننەوە.
كەسانێك نایانەوێ عێراق بەرهەمی ماسی خۆی هەبێت
حوسێن سەرحان، بەخێوكەرێكی ماسییە لە زۆنگاوی دلمج لە پارێزگای دیوانییە، باسی مردنی هەزاران تۆن ماسی دەكات، كە زیانێكی گەورەی داراییان كردووە، ئەوان گومانیان لە كاری تاوانكاری لەپشت مردنی ماسییەكان هەیە، حوسێن عەلی، راوچییەكی ماسییە لە واست روونی كردەوە، چەند باندێك هەن دەرگەی رووبارەكان دادەخەن كە دەڕژێنە ناو زۆنگاوەكانەوە و ئاوەكەی كەم دەبێتەوە و زیان بە ماسییەكان دەگات، جیا لەوەیش ژەهر فڕێ دەدەنە ناو ئاوەكە، ئەو باندانەیش هەڕەشەی كوشتن لەهەر كەسێك دەكەن بیەوێ دەرگەی ئاوەكە بكاتەوە.
لە ئاداری 2019 نەتەوە یەكگرتووەكان هۆكاری مردنی ماسییەكانی عێراقی بۆ تووشبوونیان بە ڤایرۆسی هربس گەڕاندەوە، كە بەهۆی پیسبوونی ئاو دروست دەبێت، كەچی محەمەد خەفاجی، وەزیری كشتوكاڵی عێراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پیكهێنا و دەركەوت بەهۆی ڤایرۆس و بەكتریاوە نییە، ئەوەیش گومانی ژەهراویكردنی هێنا پێشەوە.
لەو ناوەدا هەندێك بەنجەی تۆمەت بۆ كۆمپانیاكانی توركیا و ئێران درێژ دەكەن، كە بڕێكی زۆری ماسی بۆ عێراق هەناردە دەكەن، لەوكاتەی لە ساڵانی دوایی بڕێكی زۆر ماسی لە عێراقەوە بەرەو وڵاتانی كەنداو بەقاچاغ دەچوو، خاوەن كێڵگەیەكی بەخێوكردنی ماسی دەڵێت، ئێستە ئەوان توانای بەقاچاخبردنی ماسییان نەماوە، بۆیە لە بازاڕی ناوخۆ نرخی ماسی هەرزان بووە و زۆریش بووە، بۆیە توركیا و ئێران، كە سەرچاوەی هەناردنی ماسی بوون بۆ عێراق، پارەیەكی زۆریان زەرەر كردووە، لەوكاتەی وەزیری كشتوكاڵی عێراق دانی بەوەدا نا كە پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆیی لە ماسی بۆ ئەمساڵ و وەستانی هاوردەكردن، بەدڵی زۆرێك نییە.
لەو ناوەدا بەخێوكەرێكی گامێش لە زۆنگاوەكان دەڵێت، بەهۆی ئەو ژەهرەی خراوەتە ناو ئاوی زۆنگاوەكانەوە، ژمارەیەكی زۆری گامێش مردار بوونەتەوە و زۆریشیان كۆرپەلەیان لەبار چووە.