هەر هاووڵاتییەك بمرێ 260 هەزار دینار دەچێتە گیرفانی كۆمپانیایەكەوە

:: PM:04:48:02/09/2020 ‌
لە هەولێر و سلێمانی هەڵكەندنی گۆڕ بۆ مردووان دراوە بە كۆمپانیا و لە بەرانبەر هەڵكەندنی گۆڕ، پارە لە كەسوكاری مردووەكە وەردەگرن، هیچكام لەو پارەیە لە هەولێر و سلێمانی بۆ حكوومەت ناگەڕێتەوە و دەچێتە گیرفانی كۆمپانیاكانەوە.

لەناو هەر ماڵباتێكدا ئەگەر ئەندامێكی خێزانەكە بمرێت، سەرباری كۆستی خاوەن مردووەكە، دەبێ بیر لە دابینكردنی 260 هەزار دینار لە سلێمانی و لە هەولێریش 150 هەزار دینار بكەنەوە تەنیا بۆ لێدانی نووكە حەفارەیەك.
ئەو پارەیە هی کۆمپانیاکەیە و هیچی ناگەڕێتەوە بۆ حکوومەت

خەبات ناجی بەرپرسی بەشی گۆڕستانەكان لە سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە هەر هاووڵاتییەكی شارەكە بمرێت لە گۆڕستانی سەیوانی نوێ دەنێژرێت، لەو چوارچێوەیەدا هەڵكەندنی گۆڕەكان دراوە بە كۆمپانیایەك كە سەرپەرشتی هەڵكەندنی گۆڕ و پڕكردنەوە و كارەكانی تایبەت بە گۆڕەكان دەكات.

وەك روونی دەكاتەوە، سەرۆكایەتی شارەوانی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای دوزی كردووە و نابێت بە هیچ شێوەیەك لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەدا سەرپێچی بكات بە پێی بەندەكانی گرێبەستەكە، بۆ هەر گۆڕێك 260 هەزار دینار وەردەگرێت و نابێ لەو پارەیە زیاتر وەربگرێت.

ئەو بەرپرسەی شارەوانیی سلێمانی دەڵی، ئەو بڕە پارەیە كە دیاری كراوە 150 هەزار دیناری بۆ كۆمپانیاكەیە، واتە گۆڕهەڵكەنەكان و 110 هەزار دیناریش بۆ خزمەتگوزاری و سەوزایی و دار و ئاوی گۆڕستانەكە دەبێت، بەڵام ئەو چەند رۆژە كە چاودێریمان كردوون، سەرپێچی لە گرێبەستەكە دەكەن و پارە لە هاووڵاتییان وەردەگرن لە دەرەوەی گرێبەستەكە.

بەپێی بەدواداچوونی بەشی گۆڕستانەكانی شارەوانی سلێمانی، كۆمپانیاكە پارەی لە كەسوكاری مردووانی كۆرۆناش وەرگرتووە كە ئەوە لە ناو گرێبەستەكەدا نییە و ئێمە بەخۆرایی گۆڕی مردووانی كۆرۆنا هەڵدەكەنین، بەڵام ئەو كۆمپانیایە چووە هەمان پارەی بۆ ئەو گۆڕانەش وەرگرتووە كە زیاتر لە 135 هەزار دینار بۆ هەر گۆڕێكە.

خەبات ناجی دەڵی، لەبارەی ئەو سەرپێچییە لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی قسە دەكەین و ئەگەر لە كارەكەیان بەردەوام بن، گرێبەستەكەیان هەڵدەوەشێنینەوە.

 لە هەولێریش هاوشێوەی سلێمانی بۆ هەڵكەندنی گۆڕ پارە لە خاوەن مردووەكە وەردەگیرێت، بەگوێرەی سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر، ئەو بڕە پارەیە هیچی بۆ خەزێنەی گشتی ناگەڕێتەوە و راستەوخۆ دەچێتە گیرفانی كۆمپانیاكەوە.
لە دەرەوەی گۆڕستانەکە چاڵێكی گەورەت بە 50 هەزار دینار بۆ هەڵدەكەنن

سیامەند كەریم گوتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات، بڕی ئەو پارەیەی ئێمە دەستنیشانمان كردووە بۆ هەڵكەندنی گۆڕەكان،  لە 100 هەزار دینار تا 150 هەزار دینارە، ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەو كەسانەیە لەو شوێنە گۆڕ هەڵدەكەنن و كاری لەگۆڕنانی مردوو دەكەن.

وەك ئاماژەی پێ دەدات، ئەوان نابێت هیچ بڕە پارەیەكی زیاتر وەربگرن و هەر هاووڵاتییەك لەو بڕە پارەیە زیاتری لێ‌ وەربگیرێت، دەتوانێت سەردانی شارەوانی بكات و سكاڵا تۆمار بكات.

بەپێچەوانەی شارەوانیی سلێمانی، لە هەولێر پارەی زیاتر لە كەسوكاری مردووانی كۆرۆنا وەردەگیرێت و وەك گوتەبێژی شارەوانی هەولێر ئاماژەی پێ دەدات، ئێستە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەنیا بۆ مردووانی كۆرۆنا دەتوانن تا 170 هەزار دینار وەربگرن، هیچ لەو بڕە پارانە بۆ حكوومەت ناگەڕێتەوە.
لە هەولێر بۆ مردووانی كۆرۆنا 170 هەزار دینار وەردەگرن

عوسمان عەبدوڵا لە چەند رۆژی رابردوو كەسێكی نزیكی مردووە و لە گۆڕستانی سەیوانی نوێ لە سلێمانی نێژراوە، ئەو هاووڵاتییە بۆ "وشە" باس لەوە دەكات،  ئەو نرخەی كە دانراوە بۆ هەڵكەندنی گۆڕ یەكجار زۆرە، ئەو زەوییە حكوومەت دابینی كردووە بۆ شارەكە و لەلایەن شارەوانیی سلێمانی سەرپەرشتی دەكرێت، بۆچی دەبێت لە بەرانبەر نوكە حەفارەیەكدا ئەو بڕە پارە زۆرە لە خەڵكی وەربگیرێت.

ئەو هاووڵاتییە دووپاتی دەكاتەوە، ئێمە ناڵێین با پارە وەرنەگیرێت، ئاساییە بڕێك پارە بۆ هەڵكەندنی گۆڕەكە وەربگیڕێت بۆ ئەو كەسەی گۆڕەكە هەڵدەكەنێت، بەڵام وەك چۆن لە دەرەوە چاڵێكی گەورەت ئەوپەڕی بە 50 هەزار دینار بۆ هەڵدەكەنن، با ئەوانیش ئەوەندە پارە لە خەڵك وەربگرن.

دیاریكردن و زۆری ئەو نرخە بۆ هەر گۆڕێك، بەگوتەی بەرپرسی سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی لەلایەن هاووڵاتی و خاوەن مردووەكان نیگەرانی و ناڕەزایەتی زۆری دروست كردووە و مردنی هەر هاووڵاتییەك لە سلێمانی 260 هەزار و لە هەولێر 150 هەزار دەخاتە گیرفانی دوو كۆمپانیا كە هیچی ئەو پارەیە ناگەڕێتەوە بۆ حكوومەت و خەزێنەی گشتی.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان