هێزی ئاسمانیی ئەمەریكا دوو جۆری مووشەكی كرووزی هایپەرسونیكی بە سەركەوتوویی تاقی كردەوە كە خێراییەكەی لە دەنگ زیاترە.
ئاژانسی پڕۆژەكانی بواری لێكۆڵینەوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا و هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە بە سەركەوتوویی دوو نموونەی مووشەكی سەرووی خێرایی دەنگیان بە سەركەوتوویی تاقی كردەوە.
بەگوێرەی سپوتنیك، ئەمەریكا بە تاقیكردنەوەی مووشەكی هایپەرسونیك خوازیاری ئەوەیە توانا سەربازییەكانی خۆی لە بوارەدا پەرە پێ بدات.
هیچ جۆرە تەكنەلۆجیایەكی نوێ بەكار نەهاتووە
لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دۆنالد ترەمپ باسی لە بەرهەمهێنانێكی نوێی بواری كەرەستەی سەربازی كرد كە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بێوێنەیە و دواتر ڤیكتۆر موراخوفسكی پسپۆڕی سەربازیی رووسیا و سەرنووسەری گۆڤاری رووسی "ئارسنال ئوتچستوو" گوتی، لە مووشەكی سوپەر دووپەری ئەمەریكا، هیچ جۆرە تەكنەلۆجیایەكی نوێ بەكار نەهاتووە شایانی باسكردن بێت و پێشتر لە هەمان تەكنەلۆجیا سوود وەرگیراوە.
ماریا زاخارۆڤ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش لە وەڵامی قسەكانی ترەمپدا گوتبووی، جێی سەرسوڕمانە كە ئەمەریكا بەردەوام قسە لەوە دەكات مووشەكێكی تاقی كردووەتەوە پێشتر دروست نەكراوە و ئەو قسانەش بۆ ئەوان دووبارەیە.