لە چوارچێوەی سەردانی بۆ بەغدا، بە مەبەستی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنسا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی كۆبووەوە.
دووپات لە گەیشتنی هەولێر و بەغدا بە رێككەوتنێكی گشتگیر دەكرێتەوە
وەك ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم باسی كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی عێراق و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە و كێشەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق و گفتوگۆ و هەنگاوەكانی چارەسەركردنیان، باس كران و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی بوونی ئیرادەی سیاسی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هاوكاری و كاری هاوبەش بۆ ڕووبەڕووی تەنگژەكان.
هەروەها باسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پرۆسەی سیاسی و پاراستنی یاسا و سەروەریی وڵات، پابەندی بە دەستوور و سیستمی فیدرالی، بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق و چەند پرسێكی تر باس كران و بیروڕایان لەبارەیەوە ئاڵوگۆڕ كرا.
هەر ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی سیاسی و تەناهی عێراق، پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و تەنگژەی دارایی و گفتوگۆی هەولێرـ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، مەترسییەكانی تیرۆر و جموجۆڵەكانی داعش و دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.
نێچیرڤان بارزانی و مستەفا كازمی، دووپاتیان لە بەردەوامیی گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گشتگیری یەكجاری بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و هاوكاریی نێوان حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان، كردەوە.
هەر ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا باسی چەند پرسێك كرا لەوانە پرۆسەی سیاسی و كاری پەرلەمان و دادگای فیدراڵ و میكانیزمی كاندیدكردنی ئەندامانی، پرۆسەی هەڵبژادنی داهاتووی عێراق، مەترسییەكانی تیرۆر، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و هیتریش.