جەمیل هەورامی: بیرم كردووەتەوە كارگەیەكی شەراب لە كوردستان دامەزرێنین

:: PM:05:47:02/09/2020 ‌

 هەرێمی كوردستان خاوەنی بەرهەمێكی باشی ترێیە، بەڵام ساڵانە بەهۆی بێبازاڕییەوە، بەشێكی زۆری بە دارەكانییەوە دەمێنێتەوە و وشك دەبێت یان باڵندە و مێروو دەیخۆن، سەركردەیەكی پێشوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژە دەكات، بیرم كردووەتەوە كارگەیەكی دروستكردنی شەراب دامەزرێنم.
باشترین ترێ بۆ شەراب لە شارباژێڕ هەیە
 جەمیل هەورامی، باخدار و ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەشێكی ترێی ئێمە بەهۆی بێتوانایی خاوەن ڕەزەكان و بێبازاڕییەوە، بەو شاخانەوە زەردەواڵە و قەڵ و داڵ دەیخوات و نەوبوونی ڕێگا بۆ لای ڕەزە ترێكان، وایان كردووە لە عەلوە كیلۆی 100 بۆ 150 دینار بكات، واتە پارەی كێڵان و بڕینی ساڵانەی ڕەزەكە دەرناكات.

زیاتر گوتی، بیرم لەوە كردووەتەوە كارگەیەكی شەراب لە كوردستان دابمەزرێنین و لەو ترێیە شەرابی كوردستان بەرهەم بێنین، باشترین ترێیش بۆ شەراب لە شارباژێڕ هەیە، كە یەك كیلۆ ترێ بتڵێك شەرابی دەبێت، روونی كردەوە، خراپترین بتڵی شەراب نرخەكەی 10 دۆلارە، بۆیە ئەگەر كارگەیەكی دروستكردنی شەراب لە كوردستان هەبێ، ئەوكات هەر لە ناو ڕەزەكەوە كیلۆی ترێ هەزار و 500 دینار دەكات.

 هەورامی دووپاتی كردەوە، لەگەڵ سەرمایەدارانی هاوڕێم هەوڵ دەدەم كارگەیەكی دروستكردنی شەراب دابمەزرێنین، هانیان دەدەم كارێكی وا بكەن پاسەوانیشیان دەكەم، وڵاتێكی وەك هۆڵندا ترێی نییە و ترێی وڵاتانی دەوروبەری ئێمە دەكڕنەوە دەیكەن بە شەربەت، جگە لە شەراب دەتوانین بشكرێت بە شەربەت.

 لەبارەی ئاخۆ دەكرێ شەرابی كوردستان بە بازاڕی جیهان بگات، ئەو سەركدەی پێشووی یەكێتی دەڵێ، دەكەوێتە سەر جۆرەكەی، شەراب هەیە بتڵی بە 100 دۆلارە و شەرابیش هەیە بتڵی بە پێنج دۆلارە، دەبێ شارەزا بێنی لە یۆنان یان ئیتاڵیا یان فڕەنسا، ئەو سێ وڵاتە شەرابی باشیان هەیە، شارەزایانیان بێنی بۆ كوردستان و ساڵێك مووچە و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین بكەی، تا خەڵكی خۆمان فێری دروستكردنی شەرابی جۆری كوالیتی بەرز بێت و بینێریتە دەرەوە لە پێشەنگاكاندا نمایشی بكەی و تام بكرێت و بازاڕی بۆ بدۆزیتەوە.

هەورامی نموونە بە ڕۆنی كارگەی زەیتوونی هەڵەبجە دێنێتەوە، كە جۆرەكەی لە زۆرێك لە وڵاتان باشترە، ئاماژە دەكات بۆ ترێكەشمان بكرێت بە شەراب باش نەبێت، لە كوردستان مەشرووبخۆر هەیە و لەبری ئەو هەموو پارە دەڕواتە دەرەوە بۆ هاوردەی شەراب، لە ناوخۆ بەرهەمی بێنین پارەكەیشمان ناڕواتە دەرەوە.

 هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل