سەرۆكی هەرێم و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان رۆلی رێكخراوەكەیان لە عێراق تاوتوێ كرد

:: PM:06:00:02/09/2020 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كۆ بووەوە و دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد و تیشكیان خستە سەر گفتوگۆی هەولێر و بەغدا و لێكگەیشتنی دوایی هەردوولا لەبارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان‌.
نەتەوە یەكگرتووەكان دەتوانێ یارمەتی هەولێر و بەغدا بدات بۆ گفتوگۆیەكی رژد
سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بۆ ڕۆڵی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد، كە دەتوانێ یارمەتیدەری هەولێر و بەغدا بێت بۆ هاندانی گفتوگۆیەكی رژد لە نێوانیان، بەمەبەستی چارەسەركردنێكی یەكجاری كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها تیشكی خستە سەر ڕاپۆرتی نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، كە سەبارەت بە گرنگیی جێبەجێكردنی دەستوور و سیستمی فیدراڵی، پێشكەیشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردبوو.

هاوكات دوایین پێشهاتەكان سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و یاسای هەڵبژاردن و دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.

شایەنی باسە ئەمڕۆ چوارشەم لە بەغدا، جیا لە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنسا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان چاوی بە هەریەك لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان و عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی نیشتمانی كەوت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل