ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان: رێككەوتنمان لەگەڵ یەكێتی بە نووسراو دەبێت

:: PM:06:38:02/09/2020 ‌

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنیان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان و هیتریش هەبووە، بەڵام جێبەجێ نەكراون،  شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە دەكات، رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی بە نووسراو دەبێت و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت.
رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی نەچووتە بواری جێبەجێكردنەوە
سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ یەكێتی، عەبدولوەفا ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، وەك بزووتنەوەی گۆڕان پێشتر دانوستانمان لەگەڵ یەكێتی لەسەر چەندان پرس كردووە و رێك كەوتووین، گرنگترینیان دابەشكردنی پۆستەكانە بە یەك پاكێج، بەڵام رێككەوتنەكە نەچووتە بواری جێبەجێكردنەوە.

روونی كردەوە، ئەو رێككەوتنانەی كە كراون، دەیكەینە نووسراوی فەرمی بۆ برادەرانی یەكێتی بۆ وەڵامدانەوەی لاری نەبوونیان بە نووسراو، واتە هەر رێككەوتنەكانی پێشتر، بەڵام ئەمجارە نووسراومان دەوێ، بۆ ئەوەی نووسراوی ئەوان لەسەر ریككەوتنمان، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بكەین، بۆ دەركردنی بڕیاری حكوومەت لەسەریان.

ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان دووپاتی كردەوە، مەبەست ئەو رێككەوتنەی پێوەندی بە سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانەوە هەیە، ئەوەی تایبەتە بە 2014 و ئەوی پێوەندی بە هەڵەبجەوە هەبێت تایبەتە بە ساڵی 2016، كە دەبێت وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل