زۆرێك چاویان لەوەیە بەر لە كۆتایی ساڵ ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرهەم بێت، بەڵام تا ئێستە ئەوە رووی نەداوە، بۆیە تاكە رێگە خۆپارێزی و پابەندییە بە رێوشوێنە خۆپارێزییەكان، بۆ ئەوەی نەبیتە قوربانی ئەو ڤایرۆسە بكوژە، راپۆرتێكی
"ناشیۆناڵ ئینترەست"، ئاماژە بۆ باشترین پێنج رێگە بۆ خۆپاراستن لە كۆرۆنا دەكات:
بەتەمەنداچوو و نەخۆشانی درێژخایەن مەترسیان لەسەرە
یەكەم/ دەستەكانت بەجوانی بشۆ، واتە دوای ئەوەی دەچیتە دەرەوە و دەستت بەر رووە جیاوازەكان دەكەوێت، یان دوای كۆكە و پژمین، بەتایبەتی ئەگەر دەستت بەر دەمت كەوت، ماوەی 20 چركە بە ئاو و سابوون دەستەكانت بشۆ، بۆیە ئاگەدار بە بێ شووتنیان دەست لە چاو و لووت و دەمت نەدەیت.
دووەم/ بە ئانیشك، واتە رووی ناوەوەی جوومگەی نێوان باسك و شان، بەر لە پژمین بگرە نەوەك دەستەكانت، ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بە ئاسانی دەگوازرێتەوە و تا سێ سەعات لە هەوا دەمێنێتەوە، رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە دەكات، ڤایرۆسەكە لە رێگەی پرووشكی دەم و لووتی تووشبوو لەكاتی قسەكردن و كۆكە و پژمین دەگوازرێتەوە.
سێیەم/ بەستنی دەمامك، لە كاتی چوونت بۆ دەرەوە و شەقام، دەمامك ببەستە كە زۆر كاریگەرە بۆ پاراستنت، بەپێی توێژینەوەیەكی ئەمەریكی دەمامك دەتوانێت 90%ی دڵۆپی ناو پژمین بوەستێنێت، كە هۆكاری سەرەكی تووشبوونە.
چوارەم/ گرنگی بەردەوام بە پاككردنەوە بدە، ڤایرۆسەكە لەسەر رووە جیاوازەكان لە دەوروبەرت و لەسەر جلوبەرگیش هەیە، ئەو بۆ چەند رۆژێك دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە بە بەردەوام پاك بكرێنەوە و تەعقیم بكرێن.
پێنجەم/ خۆدوورخستنەوەی كۆمەڵایەتی، هەرچەند كەسی كەمتر لە دەوروبەرت هەبێت، ئەگەری تووشبوون كەمترە، بۆیە پێویستە بە بەردەوام مەترێك یان شەش پێ لە كەسانیتر دوور بیت، كە پێویستە بۆ پاراستنت، بەتایبەتی ئەوانەی لە سەرووی تەمەنی 60 ساڵ یان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، دەبێت نەچن بۆ كۆڕ و كۆبوونەوە و بۆنەكان، چونكە ئەگەری مردنیان زیاترە بەو پەتایە.