ماكرۆن: فڕەنسا لە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

:: PM:08:27:02/09/2020 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم لە میانی دیداری هەردوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فڕەنسا لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، ستایشی ڕۆڵی پاریسی لە پاڵپشتی بەردەوامی لە هەرێم و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان و هاوكاریی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان كرد، ماكرۆنیش دووپاتی كردەوە، لە سەرەدانی داهاتووی بۆ عێراق، خۆشحاڵ دەبێت بێتە هەولێر.
سەقامگیریی عێراق بە چارەسەركردنی كێشەكانی دەبێت
ئەمڕۆ چوارشەم لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنسا كۆبووەوە و دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و كێشەكانی هەولێر و بەغدا و بەهێزكردنی پێوەندییەكانی هەرێم و فڕەنسا و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.

ماكرۆن ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تێكشاندنی داعش، بەرز نرخاند و وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا، پشتگیری وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەكانیان، لە چوارچێوەی دەستووردا دووپات كردەوە.

لە كۆبوونەوەكە هەردوولا هاوڕا بوون كە سەقامگیریی عێراق بە چارەسەركردنی كێشەكانی دەبێت، لەمبارەیەشەوە هاوكاریی فڕەنسا و دۆستانی لە كۆمەڵكەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق بە پێویست زانرا.

پاراستنی سەروەریی عێراق و بەردەوامیی مەترسییەكانی تیرۆر و جموجووڵەكانی داعش، هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی گژرییەكان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكە و چەند پرسێكی تری گرنگ خرانە بەر باس كە جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا و باڵوێزی فڕەنسا لە بەغدا و ئەندامانی شاندی هەردوولا ئامادەی بوون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل