ژمارەی رفێنراوانی ئێزیدی كە چارەنووسیان دیار نییە ئاشكرا دەكرێت

:: PM:08:53:02/09/2020 ‌

كوردانی ئێزیدی لە ئابی 2014 رووبەڕووی هێرشی دڕندانەترین رێكخراوی تیرۆریستی لە دنیا بوونەوە، كاتێك رێكخراوی داعش هێرشی كردە سەر ناوچەكانیان لە دەوروبەری شنگال و هەزاران ژن و پیاو و منداڵی كوشتن و بەدیلی بردن، نووسینگەی تایبەت بە رفێنراوانی ئێزیدی نوێترین زانیاری سەبارەت بە چارەنووسی ئەوان رادەگەیەنێت.
ژمارەی رزگاربووان لە هەردوو رەگەز 3537 كەسن
وەك لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی ئەمڕۆ چوارشەم هاتووە، ژمارەی ئاوارەكانی ئێزیدی 310 هەزار كەسە و لە رۆژانی یەكەمی ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایدكردنیان 1293، كەس كوژراون و ژمارەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی تا ئێستە لە شنگال دۆزراونەتەوە، 83  گۆڕن، جگە لە گۆڕە تاكەكان.

وەك لە بەیاننامەكە هاتووە، ژمارەی منداڵانی بەهۆی تاوانەكەوە بێ دایك و باوك بوونە، 2745 منداڵن لە هەردوو رەگەز، ژمارەی ئەو مەزارگە و شوێنە ئاینییە تەقێندراوەكان 68 مەزار و پەرستگایە، ژمارەی ئەوانەی بۆ دەرەوە وڵات كۆچیان كردووە، زیاتر لە 100 هەزار كەسە و ژمارەی رفێندراوان بەگشتی 6417 كەس بووە، 3547 لە رەگەزی مێ و 2869 لە رەگەزی نێر.

"ژمارەی رزگاربووانی دەستی داعش لە هەردوو رەگەز 3537 كەسن، 1201 ئافرەت و 339 پیاو، ژمارەی منداڵانی رزگاربوو لە رەگەزی مێ 1043 منداڵن و لە رەگەزی نێر 954 منداڵ. ژمارەی ئەوانەی تا ئێستە لەژێر دەستی داعش ماون 2880 كەسن، 1304 لە رەگەزی مێ  و 1578 لە رەگەزی نێر"، بەیاننامەكە دووپاتی كردەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل