سەبارەت بە ساڵی نوێی خوێندن وەزارەتی پەروەردە روونكردنەوەی زیاتر دەدات

:: PM:09:11:02/09/2020 ‌

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان چارەنووسی ساڵی نوێی خوێندنی لە سایەی بەردەوامبوونی مەترسی پەتای كۆرۆنا، یەكلا كردەوە، لەو بارەوە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم راگەندراوێكی بڵاو كردەوە و وردەكاری زیاتری راگەیاند.
بەمنزیكانە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بەڕێوە دەچێت
وەك لە راگەیەندراوەكە هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەم وەزیری پەروەردە راپۆرتی وەزارەتی پێشكەیش بە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كرد سەبارەت بە چۆنیەتی دەست پێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2020-2021، كە چەندان بژارە خرانە روو.

زیاتر هاتووە، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی لەلایەن وەزیری تەندروستییەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بریاری دا ناوەندەكانی خوێندنی سەر بە وەزارەتمان بە شێوازی خوێندنی ناو پۆل نەكرێتەوە، ئەوەیش بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی قوتابی و مامۆستایان و كۆی گشتی كۆمەڵگا، هاوكات تاوتوێی ئەوەیش كرا كە پرۆسەی خوێندن رانەگیرێت، بۆ ئەوەی ساڵی خوێندنی قوتابی و خوێندكاران نەفەوتێت و لەكاتی دەستپێكی دەوام، خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین لە سەرجەم ناوەندەكانی وەزارەتی پەروەردە، جگە لە قۆناغی 12ی ئامادەیی پێڕەو بكرێت.

بۆیە رای دەگەیەنین كە وەزارەتی پەروەردە لە نزیكترین دەرفەتدا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت ئەنجام دەدات، بۆ تاوتوێكردنی دەرچوواندنی رێنوێنی ورد بۆ جێبەجێكردنی بریاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، كە چەندان بابەت لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان:

1-ئەنجوومەنی وەزارەت بریار لەسەر دیاریكردنی ڕێككەوتی دەستپێكی ساڵی نوێ خوێندن بە شێوازی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین  بۆ قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگا  حكوومی و ناحكومییەكان دەدات.

2- ئەنجوومەنی وەزارەت بریار لەسەر دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن بۆ قوتابیانی قۆناغی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانییەوە لە خوێندنی حكوومی و ناحكوومی بە شێوازی ئامادەبوونی تەواو لەناو پۆل بە گوێرەی ئەو رێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی دوای كۆتاهاتنی  خولی دووەمی تاقیكردنەوە گشتییەكان دەدات.

3-میكانیزمی پاڵپشتیكردنی قوتابیانی قۆناغی یەكەمی بنەرەتی و چۆنیەتی ئاشناكردنیان بە ژینگەی قوتابخانە.

كۆی گشتی ئەو بابەتانەی پێویستن بۆ دەستپكی ساڵی نوێی خوێندن لە ئەنجوومەنی وەزارەت ڕێنوێنی پێویستیان پێ دەردەچووێندرێت. دۆخی تەندروستی ئێستە وا دەخوازێ كە ژیانی مامۆستا و قوتابیان پارێزراو بێت و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەكرێت و قوتابیانیش بێ خوێندن نەبن. ئەم هەنگاوەیش پێویستی بە پشتیوانیكردنی هەمووانە، ئەگەر دۆخی تەندروستیش ڕێگە بدات بە گەڕانەوە بۆ ناو ناوەندەكانی خوێندن، لەهەر كاتێكدا بە دڵنیاییەوە خوێندنی ئاسایی دەست پێ دەكاتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل