ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند كە وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمان سبەی دەست پێ دەكات، بەو پێیەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمان دەست بە كارەكانی بكاتەوە.
رەنگە دانیشتنەكان لە رێگەی بازنەی داخراوی تەلەڤزیۆنییەوە بەڕێوە بچێت
وەك لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ چوارشەم هاتووە، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند كە سبەی پێنجشەم 3ی ئەیلوول، دەستپێكی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانە، بەو پێیەیش سەرەتای هەفتەی داهاتوو، واتە شەموو، پەرلەمان دەست بە كارەكانی دەكاتەوە.
بۆ ئەو مەبەستەیش
ئەمیندارەكە داوای لە فەرمانگە پێوەندیدارەكانی پەرلەمان كرد بە وەرگرتنی رێوشوێنی خۆپارێزی پێویست وەك ئامادەسازی بۆ دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكان و كۆبوونەوەی لیژنە هەمیشەییەكان و روونی كردەوە، ئەگەر لە رووی تەندروستییەوە پێویست بكات، رەنگە دانیشتنەكان لە رێگەی بازنەی داخراوی تەلەڤزیۆنییەوە بەڕێوە بچێت.
لەناو بوونی گومان بەوەی پەرلەمانی عێراق دەتوانێت دانیشتن ساز بكات، بەو پێیەی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتار و فەرمانبەرانی پەرلەمان تووشی كۆرۆنا بوونە، كە رەنگە كار بكاتە سەر نیسابی یاسایی پێویست بۆ سازكردنی دانیشتن، مەیادە محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی كردەوە كە دەست پێكردنی كۆبوونەوەكان هەفتەی داهاتوو بە وەرگرتنی رێوشوێنی توندنی خۆپارێزییەوە دەبێت.