پەرلەمانتارێك: چاكسازی ریشەیی هەرێم لە تەنگژەی دارایی رزگار دەكات

:: PM:09:59:02/09/2020 ‌

دوای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی وەك پەتایەك لە سەرانسەری دنیا، بووە هۆی داخرانێكی گەورەی ئابووری و نرخی نەوت تا ئاستێكی پێوانەیی دابەزی، هەرێمی كوردستان كە بۆ دابینكردرنی مووچە و خەرجی رۆژانە پشتی بە نەوت و داهاتی ناوخۆیی بەستووە، دووچاری تەنگژەیەكی سەخت هاتەوە، پەرلەمانتارێكی كورد باسی چۆنیەتی زاڵبوون بەسەر تەنگژەكە دەكات.
چاكسازی پێگەی هەرێم بەرانبەر بەغدا بەهێزتر دەكات
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، چاكسازی گرنگە و ئەگەر چاكسازی ریشەیی نەكرێ، دۆخەكە بەو شێوەی هەیە بەردەوام دەبێت، چاكسازی ریشەیی بریتییە لەوەی خاڵە سنوورییەكان شەفاف و روون و ئاشكرا بێت، لە رووی داهات و ئەو داهاتەیش بچێتە سندووقی دەوڵەت.

زیاتر گوتی، خاڵێكی تری گرنگ داهاتی نەوتە، راستە تا ئێستە لێوردبوونەوە هەیە، بەڵام لە رووی بڕی فرۆشراو و داهاتەكەی دەبێ تەواو روون بێت و سندووقی داهاتی نەوت و گاز دروست بكرێت، هەرچی داهاتی ناوخۆیە كە سەرچاوەی زۆر هەن، وەك باج و سەرپێچییەكان و تاپۆ و هیتریش، ئەوانە بەتەواوەتی لەلایەن حكوومەتەوە كۆنترۆڵ بكرێت، جیا لەوە نەهێشتنی بندیوار و خانەنشینی پلە تایبەتەكان، پێم وایە ئەوكات داهاتی هەرێم بەشی هەرێم دەكات.

كۆچەر دووپاتی كردەوە، ئەگەر هەرێم ئەو هەنگاوانە بەرژدی باوێت، ئەوان دۆخی باشتر دەبێت و دەتوانێت لە پێگەیەكی بەهێزترەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكات، پێم وایە ئەگەر ئەوانە بكرێن، بەتەواوەتی لەو دۆخە سەختە داراییەی هەیە دەرباز دەبین.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل