زیاتر لە 350 شۆفێری تانكەر و خاوەن تەكسییەكانی سنووری شارۆكەی پێنجوێن و مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەهۆی هاتنی شۆفێرانی ئێرانییەوە بۆ ناو خاكی هەرێم، بێكار بوون و داوا دەكەن بە پەلە چارەسەر بۆ كێشەكەیان بكرێت.
لوقمان سابیر، شۆفێرێكی تانكەرە لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بە"وشە"ی گوت، لە چەند مانگی رابردوودا، كاتێك ڤایرۆسی كۆرۆنا سەری هەڵدا و رێوشوێنی تەندروستی و تەناهی پێویست گیرایە بەر، بۆ بەرگرتن و تەشەنە نەسەندنی كۆرۆنا و پاراستنی گیانی دانیشتووان و شۆفێران، لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن، رێگە نەدەدرا، شۆفێرانی بارهەڵگر، بەتایبەتی شۆفێرانی ئێرانی، خاوەن تانكەرەكانی گواستنەوەی سووتەمەنی، بێنە ناو خاكی هەرێمەوە.
شوفێرانی ئێرانی راستەوخۆ بارەكانیان دەگوازنەوە ناو هەرێم
زیاتر گوتی، بەداخەوە ماوەیەكە هاتنی شۆفێرانی ئێرانی بە تانكەرەكانیانەوە بۆ ناو خاكی هەرێم، وێڕای ئەوەی هێشتا مەترسییەكانی كۆرۆنا لە دیوی ئێراندا ماوە و نەڕەویوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وای كردووە زیاتر لە 350 شۆفێری كورد، كە تانكەر و تەكسیان پێیە، لەناو شارۆكەی پێنجوێن بە تەواوی بێكار بن.
ئەو شوفێرە روونی كردەوە، خەڵكانێكی هەژارین و داواكارین وەك سەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆنا، جارێكی تر رێگەی لە هاتنی ئێرانییەكان بۆ هەرێم بگیرێت و بارەكانیان لەناو مەرزی باشماخ بكرێتە تانكەری شۆفێرانی كوردەوە.
لای خۆیەوە عابد عارف، شۆفێرێكی ترە بۆ "وشە"، ئاشكرای كرد، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، هاوردەكردنی سووتەمەنی بەجۆرێك بوو، كە شۆفێرانی ئێرانی تەنیا تا ناو مەرزی باشماخ بۆیان هەبوو هاوردەی بكەن، دواتر لە رێگەی شۆفێرانی خۆمانەوە، سووتەمەنییەكە دەگوازرایەوە بۆ شارەكانی تری هەرێم، بەڵام ئێستە ئەو شێوازە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، دووپاتی كردەوە، ئێستە شۆفێرانی ئێرانی دەتوانن راستەوخۆ بارەكانیان بگوازنەوە بۆ شارەكانی هەرێم.
لای خۆیەوە، هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن بە وەكالەت، بە"وشە"ی راگەیاند، ئاگەداری كێشەی ژمارەیەك لە شۆفێرانی تانكەرەكانی گواستنەوەی سووتەمەنین كە خەڵكی سنووری پێنجوێنن، داواكاریان ئەوەیە ئەو سووتەمەنییەی لەلایەن شۆفێرانی ئێرانییەوە هاوردە دەكرێت، ئەوان بیگوازنەوە بۆ دەرەوەی مەرزی نێودەوڵەت باشماخ.
دووپاتی كردەوە، كێشەكە راستەخۆ پێوەندی بە ئیدارەی مەرزی باشماخەوە هەیە، ئێمەیش وەك ئیدارەی پێنجوێن، چیمان پێ بكرێ لە بەرژەوەندی گشتی ئەنجامی دەدەین، لە هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكەشداین.
شایەنی باسە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە، یەكێكە لە سێ مەرزە نێودەوڵەتییەكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران، كاروباری بازرگانی لێوە ئەنجام دەدرێت و ماوەیەكیشە بەپێی رێنوێنییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم، لەدوای كۆرۆنا، كاروباری گەشتیاری تیایدا بەرەو ئاساییبوونەوە چووە.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی