ئه‌و هه‌نگاوه دیپلۆماسییه‌ی عێراق له مانگی ڕابردوو گرتییه به‌ر، له سه‌ردانی بۆ واشنتن و دواتریش دیداری لووتكه‌ی له‌گه‌ڵ پاشای ئوردن و سه‌ركۆماری میسڕ، گۆڕانكارییه‌كی تازه و جیاواز بوو له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و كرانه‌وه‌ی به ڕووی دنیا دا.
سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی و شاندی یاوه‌ری بۆ واشنتن به ته‌واوی سه‌ركه‌وتوو بوو و كۆمه‌ڵێك گرێبه‌ستی گه‌وره واژوو كران و له دواكاتیش كازمی نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا و تره‌مپ، بگره له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكایش نانسی پیلوسی كۆبووه‌وه.
عێراق ئێسته به ته‌واوی وڵاتێكی جیاوازه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2003 كاتێك حكوومه‌تی جۆرج ده‌بلیو بووش هێرشی كرده سه‌ر و ڕژێمی به‌عسی دیكتاتۆری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات هێنایه خواره‌وه، چونكه ئێسته ڕێژه‌ی 40%ی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی له دوای جه‌نگی 2003ه‌وه هاتوونه‌ته دنیا، یان ئه‌وكات پێنه‌گه‌یشتوو بوون، بۆیه ناكرێ به هه‌مان بیری 2003 مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ عێراق بكرێ و نزی ده‌بینه‌وه له تێپه‌ڕینی دوو ده‌یه به‌سه‌ر هێرشی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر سه‌دام.
هه‌وڵه‌كانی به‌غدا بۆ ڕاگرتنی هاوسه‌نگی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ واشنتن و تاران ماوه‌یه‌كی زۆره هه‌وڵی بۆ ده‌درێ، به‌ڵام ده‌ستوه‌ردانه‌كانی هه‌ردوولا له عێراق وایكردووه ئه‌م ستراتیجه‌ی به‌غدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، چونكه هه‌ردوو له ڕێی بریكاره‌كانیانه‌وه زۆرترین كاریگه‌رییان به‌سه‌ر عێراقه‌وه هه‌یه، كاتێكیش دۆخه‌كه پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بڕوات، ئاڵۆزی له عێراق دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێسته جۆرێك له هه‌ستانه‌وه به عێراق ده‌بینرێت، بۆ ڕاگرتنی هاوسه‌نگی پێوه‌ندی له نێوان هه‌ردوو نه‌یاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه بریتین له ئێران و ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی به‌غدا هه‌ر له نێوه‌نده‌دا نه‌وه‌ستاوه و به‌ڵكو به چڕی خه‌ریكی ئاساییكردنه‌وه و به‌هێزكردنی پێوه‌ندییه‌كانه له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و كه‌نداو.
جموجۆڵه‌كانی كازمی و نزیكبوونه‌وه له وڵاتانی عه‌ره‌بی ئاماژه‌یه‌كی گرنگه بۆ نزیكبوونه‌وه به‌ره‌و وڵاتانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست
كاتێك سه‌دام له‌گه‌ڵ ئێران له جه‌نگ بوو هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی پشتیوانیان كرد، جیا له سووریا، كاتێكیش هێرشی كرده سه‌ر كوێت، هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی پشتیان تێكرد و تا 2003یش وه‌ك نه‌یارێكی سه‌رسه‌خت له به‌غدایان ده‌ڕوانی، به‌ڵام ئێسته ورده ورده پێوه‌ندییه‌كان هه‌نگاوی گه‌وره ده‌هاوێژین و به‌غدا ئامانجییه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی ئاشت ببێته‌وه و پێوه‌ندی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری به‌هێزی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌میان هه‌بێت.
هۆی ده‌ستگرتنی ئێران به‌سه‌ر عێراق و بوونی ئه‌و هه‌ژموونه زۆره‌یش به‌شێكی زۆری بۆ هه‌ڵه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و كه‌نداو ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه زۆرێكیان دوای 2003 ئاماده نه‌بوون ته‌نانه‌ت باڵوێزخانه‌كانیشیان له به‌غدا بكه‌نه‌وه، كاتێكیش ئه‌مه‌ریكا له 2011 له عێراق كشایه‌وه، ئیتر هیچ وڵاتێك نه‌مایه‌وه كه به‌غدا متمانه‌ی پێی هه‌بێ و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كانی پشتی پێ ببه‌ستێ، جیا له ئێران، ئه‌مه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه بوو كه وڵاتانی كه‌نداو كردیان و ئێسته‌یش له‌و هه‌ڵه‌یه تێگه‌یشتوون و به هاندانی ئه‌مه‌ریكا به گوڕ و تینێكی زۆره‌وه ده‌یانه‌وێ پێوه‌ندی ستراتیجی و به‌هێز به تایبه‌ت له ڕووی ئابوورییه‌وه له‌گه‌ڵ عێراق بنیات بنێن.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ترسی وڵاتانی عه‌ره‌بی له به‌غدای دوای 2003 ئه‌وه بوو كه وڵاته‌كه ده‌بێته خاوه‌نی سیسته‌مێكی دیموكراسی و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی وڵاتانی عه‌ره‌بی دروست ده‌كات، كه زۆرینه‌یان سیسته‌می پاشایه‌تی پێڕه‌و ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێران سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سیسته‌مێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وانی هه‌یه، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ئاینی، به خێرایی هه‌نگاوی نا و توانی عێراق بخاته ژێر هه‌ژموونی خۆی.
ئێسته مسته‌فا كازمی وه‌ك كه‌سێكی ته‌كنۆكرات سه‌ركردایه‌تیی حكوومه‌تی عێراق ده‌كات و زیاتر نیشتمانیانه بیر ده‌كاته‌وه و دووره له به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و مه‌زه‌وی، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه حكوومه‌ته‌كانی عه‌ره‌ب پێشوازی لێ بكه‌ن و گرنگی پێ بده‌ن.
بۆ ڕزگاربوون له ململانێی ئه‌مه‌ریكا و ئێران، به‌غدا پێویستی به وڵاتانی عه‌ره‌بییه
سه‌رۆكی ئێسته‌ی حكوومه‌تی عێراق به ڕوونی له وردترین كێشه‌كانی عێراق ئاگه‌داره، به‌هۆی كاركردنی پێشووی له سه‌رۆكایه‌تیی ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری عێراق، ئه‌مه ڕوونه كه عێراق وڵاتێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده به سامانی سروشتی، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی ژێرخانی ئابووری و ئاوه‌دانی پێویستی زۆری به وڵاتانی تر هه‌یه تا كۆمه‌ك و هاوكاری بكه‌ن و پرۆژه و وه‌به‌رهێنانی گه‌وره له عێراق ئه‌نجام بده‌ن و ژێرخانی وڵاته‌كه نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه.
دوای نزیكه‌ی دوو ده‌یه پشت به‌ستن به ئێران و ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه و به‌هێزكردنی ژێرخانی عێراق، عێراقییه‌كان به ته‌واوی بێ ئومێدن و بێ خزمه‌تگوزارین و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی زۆریان هه‌یه، بۆیه ئه‌مجاره ئاراسته‌ی خۆیان گۆڕیوه و ڕوویان له ده‌ریای ناوه‌ڕاسته و به‌ره‌و وڵاتانی كه‌نداو و عه‌ره‌بی ده‌ڕۆن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له ڕێی ئه‌وانه‌وه وه‌به‌رهێنان و ده‌ستی كاری شاره‌زا بهێننه ناو عێراقه‌وه و ئابووری وڵاته‌كه به‌هێز بكه‌ن و سه‌رچاوه‌كانی داهات فره‌جۆر بكه‌ن.