هەرێمی كوردستان خاك و ئاو و كەشێكی لەباری هەیە بۆ كشتوكاڵ و لە رابردوودا ژیانی خەڵك بەم كەرتە پشتئەستوور بووە، بەڵام ئەمڕۆ هەست دەكرێ پێویستی بە رێكخستنی زیاتر هەیە. حوسێن حەمەكەریم گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان لەم دیمانەیەدا بۆ "وشە" تیشك دەخاتە سەرجەم كێشەكانی بەردەم گەشەی كشتوكاڵ و بە ئاشكراكردنی كۆمەڵێك پڕۆژە و پلان گەشبینە لەوەی هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا هەنگاوی گەورە لە پێشخستنی كشتوكاڵ دەهاوێژێت. ئەو پێی وایە هەرێمی كوردستان لە زۆر بەرهەمی كشتوكاڵی خۆبژێوە، بەڵام ئەو بەرهەمانە پێویستیان بە بازاڕكردن و بە پیشەسازیكردن هەیە تا كوردستان لە زۆربەی بەرهەمەكانی دەرەوە بێ نیاز بكات و چیتر جووتیاران خەمی ئەوە نەخۆن بەرهەمەكانیان ساغ نەبێتەوە.
ئاشكرایە كەرتی كشتوكاڵ بە یەكێك لە گرنگترین بناغەكانی ئابووری لە پێشكەوتنی وڵاتان هەژمار دەكرێت، دۆخی هەرێمی كوردستان لە رووی كشتوكاڵەوە چۆنە و تا چەند لە پێگەی ئێستەی كشتوكاڵی كوردستان رازین؟
كەرتی كشتوكاڵ مێژوویەكی كۆنی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و سەرجەم فاكتەرەكانی كشتوكاڵ وەك خاك، ئاو، هەوا و تەنانەت جووتیاری باشیش لە كوردستاندا بوونی هەیە، ئەوانە پێویستیان بەوەیە بەهێز بكرێن و بە تەكنیكی نوێ كار بكرێ بۆ ئەوەی زیاتر كشتوكاڵ بكرێ بە ژێرخانێكی بەهێز بۆ ئابووری هەرێمی كوردستان. بەداخەوە كشتوكاڵ لە رابردوودا بەهۆی سیاسەتی رژێمەكانی پێشوو، رووبەڕووی زۆر مەترسی بووەتەوە كە رەنگە پێویست نەكات لێرە ئاماژەی پێ بكرێت، چۆن خەڵكی لە بەرهەمهێنەرەوە كردە بەكاربەر و ئەو كێشە و گرفتانەی تووشی گوندەكان بوون، بە تایبەتی دوای 2003 جارێكی تر كشتوكاڵ بەرەو بووژانەوە رۆیشتووە، هەرچەندە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەمانتوانیوە پاڵپشتی تەواوی جووتیاران بكەین و ئەوەش كە كراوە لە ئاستی پێویستدا نەبووە. ئەو بودجەیەی تەرخان كراوە بۆ كشتوكاڵ تەنانەت لە ساڵانی پێش داعشیش لە خوارووی 2% بووە كە زۆر كەمە و بەمە كەرتی كشتوكاڵ ناكرێتە ژێرخانێكی ئابووری پتەو. زۆرجار داوامان كردووە لانی كەم 10%بودجەی بۆ تەرخان بكرێت. كەرتی كشتوكاڵ كەرتێكی زۆر هەستیارە و مەترسی زیاتری لە بەردەمدایە وەك دۆزینەوەی بازاڕ و كۆمەڵێك شتی تر بە پێچەوانەی كەرتەكانی تر، لە كوردستان سەرووی 40 ملیار دۆلار وەبەرهێنان كراوە كە 1.6 ملیاری بۆ كەرتی كشتوكاڵ بووە كە زۆر كەمە.
زیاتر گرنگیان بەو كەرتانە دا قازانجی خێرایان دەست دەكەوت
پێت وانییە تا ئێستەش لە هەرێمی كوردستان لە گرنگیی كەرتی كشتوكاڵ تێنەگەیشتبین، وەك خۆت ئاماژەت پێ دا راستە مەترسی زۆر لەسەر هەیە، بەڵام خۆ متمانە پێكراوترین كەرتیشە تۆ كە گەنم و سامانی ئاژەڵت هەبوو با دەروازەكانمان لەسەر ببەسترێت، بەڵام خۆ دەتوانین بژین.؟
كاتێك یاسای وەبەرهێنان چووە بواری جێبەجێكردنەوە، زیاتر گرنگیان بەو كەرتانە دا قازانجی خێرایان دەست دەكەوت وەك سێكتەرەكانی خوێندن و نیشتەجێبوون و بازرگانی و كەمتر خۆیان لە قەرەی كشتوكاڵ دەدا، هەڵبەت خۆشمان دنیابینینێكی روونمان نەبوو، بەڵام لە دوای دەستپێكردنی كابینەی نۆ گرنگی تایبەت بە كشتوكاڵ دراوە و لە بەرنامەی حكوومەتیشدا ئاماژەی پێ كراوە و یەكەم جارە وەزارەتەكانی بازرگانی و پیشەسازی، پلاندانان، دارایی، دەستەی وەبەرهێنانی پۆلێن كردووە وەك لایەنی ناسەرەكی و هاوئاهەنگیكار بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ، سیاسەتی كشتوكاڵ بە تەنیا بە وەزارەتی كشتوكاڵ جێبەجێ نابێت ئەگەر لایەنی تر هاوكاری نەكەن، ئێمە لەگەڵ پلانی چوار ساڵەی خۆمان كۆمەڵێك پڕۆژەمان پێشكەش بە حكوومەت كرد كە پڕۆژەی ستراتیجین، وەك سایلۆ، كارگەكانی بە پیشەسازیكردنی خۆراك و چەندانی ترمان پێشكەش بە دەستەی وەبەرهێنان كرد و ئەوانیش خستیانە بەردەم وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی جێبەجێیان بكەن.
پێشوازی لەم پڕۆژانە كراوە؟
بەڵێ پێشوازی باش كراوە و هیوادارم لە ساڵانی داهاتوو بەشێك لەم پڕۆژە ستراتیجییانە جێبەجێ بكرێن. خاڵێك كە زۆر گرنگە ئەوەیە ئێمە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانی ناوخۆ بەرهەممان لە داخوازی زیاترە و نرخ دادەبەزێ و گلەیی و گازندەی جووتیاران زۆر دەبێت، هەوڵمان داوە ئەو بەرهەمانە هەناردەی شوێنی تر بكرێ هەرچەندە زۆر جار كێشەی سیاسیش هەبووە.
بە پیشەسازیكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە كوردستان زۆر سەرەتایی بووە
باست كرد لە كابینەی نۆ وەزارەتەكان راسپێراون هاوئاهەنگی وەزارەتی كشتوكاڵ بە تەواوی بكەن، بەڵام من هەست بەو هاوئاهەنگییە پتەوە ناكەم و زۆر جار دەبینین كێشەكان دووبارە دەبنەوە، بۆ نموونە هاوردەكردنی كەرەستەیەك قەدەغە كراوە، كەچی لە بازاڕ دەفرۆشرێت؟
ئەمە دوو بابەتە یەكەمیان ئەوەیە لە كاتێكدا پێداویستی بەرهەمهێنان زیاتر دەبێ لە خواست، ئەوا كێشەیەكە كە دەبێ بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، بەداخەوە بە پیشەسازیكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە كوردستان زۆر سەرەتایی بووە و ئەوەی لە شەقڵاوە و هیران و شوێنی تر دەبینین، دۆشاوی هەنار دروست كراوە لە قۆناغی زۆر سەرەتایی بووە، بەڵام ئێمە كار لەسەر ئەوە دەكەین پڕۆژەی گەورە بكرێ و ئەمەش لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە پێوەندیداین. ئەوەی زۆر گرنگە چۆنیەتی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیە، ئێمە لەم رووەوە تووشی گرفت بووین، چونكە وەزارەتێكی خزمەتگوزارین و خاوەن هێز و ئاسایش نین بڕیارەكان جێبەجێ بكەین. بۆ نموونە مادەیەكمان قەدەغە كردووە، كەچی هاتووەتە بازاڕ بۆ مادەیەك باجمان داناوە، كەچی بینیومانە وەك خۆدزینەوە باجەكە نەدراوە، ئەمانە كۆمەڵێك گرفتن و بەردەوام بوونیان هەبووە.
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش زۆر بەخەمی ئەو پرسەیە
بەڵام ئەمە كەی كۆتایی پێ دێت، خۆت دەزانی تا ئەو كێشانە هەبن پلانەكانیش سەركەوتوو نابن؟
راستە هەوڵەكانی ئێمە بەردەوامە و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش زۆر بەخەمی ئەو پرسەیە و هیوادارین لایەنەكانی تریش هاوكار بن. هەڵبەت نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت وڵاتانی دراوسێمان لەرووی بەرهەمهێنان پێشكەوتوون و تێچووی بەرهەمهێنانیشیان بەراورد لەگەڵ ئێمە زۆر هەرزانترە و پاڵپشتیشیان دەكرێ، بۆیە جیاوازییەك لە نرخی ئێمە و بەرهەمی ئەوان دروست بووە و ئەركمان قورستر بووە بۆ ئەوەی زیاتر پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆ بكەین و سنوورەكان بپارێزین، كێشەیەكی تر ئەوەیە مەرزی لاوەكیمان زۆرە و سنوورێكی زۆریشمان لەگەڵ پارێزگاكانی عێراق هەیە و لەبەر فراوانی وەك پێویست كۆنترۆڵ نەكراوە، نەك ئێمە عێراقیش ئەو كێشەیەی هەبووە. لە سەرووی ئەم كێشانە دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتانە وایكردووە جیاوازی زۆر لە تێچوو دروست بێت. بە گشتی ئەركەكانمان قورستر بوون و هەموو ئەوانە گرفتن لە بەردەم ئەو كەرتە.
سەرووی 23 هەزار خانووی پلاستیكی و هەزار و 600 پڕۆژەی پەلەوەر هەیە.
خاكی چاك و كەشوهەوا و ئاوی گونجاو هەیە لە كوردستان، هۆكاری چییە نەتوانراوە لەم كەرتەدا هەلێكی زۆری كار دروست ببێت، پلانی ستراتیجیی بۆ ئەم كەرتە چییە و چۆن لەو دۆخە كلاسیكی و كۆنە دەردەهێنرێت و بە شێوەیەكی مۆدێرن كشتوكاڵ پێش دەخرێت، چی دەكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە رووی ئابوورییەوە هەرێمی كوردستان بگۆڕێت بۆ وڵاتێكی پشتئەستوور بە كشتوكاڵ؟
دەتوانم بڵێم ژێرخانی چاكمان هەیە لە سامانی پەلەوەر و ئاژەڵ و پڕۆژەكانی كشتوكاڵ و بەگشتی ژێرخانی زۆر گەورەمان هەیە هەنگاوی باش نراوە. سەرووی 23 هەزار خانووی پلاستیكی هەیە. سەرووی هەزار و 600 پڕۆژەی پەلەوەر هەیە. پێشتر بەرهەمی قارچكمان نەبووە، كەچی ئێستە هەناردەشی دەكەین. پێشتر كارگەی زەیتی زەیتوونمان نەبووە، بەڵام ئێستە شەش كارگەی بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوونمان هەیە. چەندانی تری گەورە و ستراتیجیی لە بواری سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر و خانووی پلاستیكی لە چوارچێوەی سیستمێكی مۆدێرن پێشكەش كراون. بۆ زانیاریت ئێستە ئێمە لەگەڵ حكوومەتی هۆڵەندی كار دەكەین و هۆڵەندییەكان لە چوارچێوەی بەرنامەی پەرەپێدانی كشتوكاڵ لە سەرانسەری عێراق پڕۆژەیان هەیە و لە كوردستانیش ژمارەیەك پڕۆژە جێبەجێ دەكەن كە 50% لەسەر وەبەرهێنەرە و 50%ی تری لەسەر حكوومەتی هۆڵەندایە، ئێمە ژمارەیەك وەبەرهێنەرمان بۆ دۆزیونەتەوە و لە گفتوگۆدان.
پڕۆژەكان زیاتر بۆ چ بوارێكن؟
خانووی پلاستیكی و بەرهەمهێنانی سەوزە و بەگشتی پڕۆژەكان ستراتیجین و بە تەكنیكی نوێ لە رووبەری گەورە بەرهەمیان دەبێ و دەبن بە ناوەندێك بۆ راهێنان و پەروەردەكردنی فەرمانبەران و جووتیارانی ئێمە. لە لایەن وەبەرهێنەرەكانیش ژمارەیەك پڕۆژەی باش جێبەجێ كراون جگە لەو پڕۆژانەی دەستەی وەبەرهێنان رای گەیاندوون و دەتوانم بڵێم ئێمە گەشبینین بە داهاتوو.
پڕۆژەیاسایەكمان پێشكەش كردووە چۆن ئەو عەلوانە رێك بخرێنەوە
لەمپەرە سەرەكییەكانی بەردەم پێشخستنی كشتوكاڵ بە تایبەتی لە رووی یاساییەوە چین؟
سێ چوار پڕۆژەمان پێشكەش كردووە بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كە چەند قۆناغێكیان بڕیوە، یەكێك لەم پڕۆژانە بریتییە لە چۆنیەتی رێكخستنی عەلوەكان. خۆت دەزانی عەلوەكان ناوەندێكن بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكان، ئێستە زۆربەیان شپرزەن و پڕۆژەیاسایەكمان پێشكەش كردووە چۆن ئەو عەلوانە رێك بخرێنەوە و لە لایەن ئەنجوومەنێك بەڕێوە ببرێت بەدواداچوون بكات بۆ هەموو ئەو بڕیارانەی كە ئێمە دەری دەكەین، پڕۆژەیەكمان پێشكەش كردووە بۆ چارەسەركردنی زێدەڕۆیی كشتوكاڵ. پڕۆژەمان پێشكەش كردووە بۆ چۆنیەتی سەرپەرشتیكردنی ئەو پڕۆژانەی لە لایەن كەرتی تایبەت جێبەجێ دەكرین، ئەمە دەرفەتێكیشە بۆ دامەزراندن و مەرجمان داناوە ئەو پڕۆژانە لە لایەن ئەوانە سەرپەرشتی بكرێن كە لە كۆلێژەكانی كشتوكاڵ و ڤێتەرنەری و پەیمانگەكانی كشتوكاڵ دەرچوون و دانەمەزراون و هەلی كاریان بۆ دابین دەكەین دوای راهێنان و ئامادەكردنیان بۆ كارەكە. دەبێ لەمپەرەكان لاببرێن و دووبارە رێك بخرێتەوە و ئێمەش ئەو هەوڵە دەدەین. دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ پێداچوونەوەمان كردووە بۆ ئەوەی رۆتین كەم بكەینەوە، لەمپەرەكان لابەرین و هەموومان هەموار كردووەتەوە و لە قۆناغی ئەوەدایە بچێت بۆ وردبینی و راگەیاندنیان.
لە بەشێكی زۆری بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بە خۆبژێویی گەیشتووین.
لە كەرتی كشتوكاڵی كوردستان لە چ شتێك بە خۆبژێویی گەیشتووین؟
ئێمە ئەگەر ئەو كەرتە رێك بخەینەوە و پارێزگاری لە بەرهەمەكان بكەین دەتوانم بڵێم لە بەشێكی زۆری بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بە خۆبژێویی گەیشتووین. بۆ نموونە گەنمان زۆرە و بۆ یەكەم جار پڕۆژەیەكمان راگەیاند لەوەی حكوومەت خۆی گەنم بكڕێتەوە و خۆیشی ئەو بەرهەمانە بە پیشەسازی بكات و زۆربەی ئەو بەرهەمانە لە ناوخۆی كوردستان بەرهەم بهێنرێن كە مادە خاوەكەیان گەنمە. كۆمەڵێك گەنجینەمان هەبوو لە سلێمانی داومانەتە كەرتی تایبەت، 700 تا هەزار تۆن بەرهەم دەگرن و ئەو پڕۆژەیە بەرهەمی ناوخۆ دەكڕێت و دەینێرێتە دەرەوە، یان جارێكی تر بە شێوازێكی مۆدێرن بەرهەمەكە بەستەبەندی دەكات و دەیداتە بازاڕەوە. لە سامانی پەلەوەر ژمارەی زۆری پەلەوەر و مریشكی هێلكە و كارگەی ئالیك و سەربڕخانە و جووچك هەڵێنەرمان هەیە و لە هیچ كامێكیان كێشەمان نییە و بە خۆبژێوی گەیشتوون و ئەگەر بە وزە و توانایی خۆیان كار بكەن و هەموو لایەنەكانی حكوومەت هاوكار بین پێویست ناكات زۆر لە بەرهەمەكان هاوردە بكرێن. بەداخەوە لەبەر ئەو دۆخەی لە رابردوودا هەبووە بەشێك لەم پڕۆژانە وەستاون یان بە توانای خۆیان كاریان نەكردووە و ئەگەر توانای پڕۆژەكان بەگەڕ بخرێت، ئەوسا دەتوانین بۆ شوێنی تر هەناردەیان بكەین بە تایبەتی بۆ وڵاتانی كەنداو كە بەرهەمەكانی ئێمە بە لایانەوە كوالێتی باشە و هۆكارەكەش ئەوەیە زۆربەی بەرهەمەكان ئەگەر ئۆرگانیش نەبن ئەوا نیوە ئۆرگانین.
كەوایە كێشەكە لە بەبازاڕكردن و بە پیشەسازیكردنی بەرهەمەكانە و كێشەكان ئەوەندەی كێشەی رێكخستن و بەبازاڕكردن بن كێشەی بەرهەمهێنان نین؟
وەك وەزارەت هەنگاوی رژدمان بۆ هەموو بوارەكان ناوە، بەڵام وەك باسم كرد دەبێ هەموو لایەنێك هاوئاهەنگ و هاوكار بن بۆ جێبەجێكردنی یاسا و رێنوێنییەكان.
ئەگەر پڕۆژەی بە پیشەسازیكردن پەرەی پێ بدرێت و گەنجینەی ساركەرەوەمان هەبێت، لە ساڵانی داهاتوو هەنگاوی زۆر گرنگ دەنرێت
لە رووی باخداری پێگەی كوردستان چۆنە، زۆر لەو میوانەی لە بازاڕ دەبینرێن هی دەرەوەی وڵاتن بۆچی كرنگی كەمتر بە بەرهەمهێنانیان دراوە؟
هیچ وڵاتێك ناتوانێ هەموو پێداویستییەكی خۆی پڕ بكاتەوە بەتایبەتی لە سەردەمێكدا كە دنیا بووەتە گوندێك و بازاڕێكی ئازاد، كۆمەڵیك میوە هەیە كە كەشوهەوای ئێمە بۆ بەرهەمهێنانیان گونجاو نییە، بەڵام لە بەرهەمەكانی وەك سێو و خۆخ و هەنجیر و ترێ ئێمە بەشی پێداویستیمان لە خۆمان زیاترە، هەرچەندە بواری باخداری پێویستی بە پڕۆژەی زۆر گەورە هەیە و دەبێ بگەینە ئەو ئاستەی پێداویستییەكانمان بەتەواوی دابین بكەن. بۆ نموونە ئێمە ترێیەكی زۆرمان هەیە و جۆرەكەشی زۆر باشە، بەڵام بەداخەوە دیسان نەبوونی بەپیشەسازیكردن وا دەكات نرخەكان دابەزێت و جووتیار نیگەران بێت لە كاتێكدا سركە و دەیان شتی تری لێ دروست دەكرێ و ئەگەر پڕۆژەی بە پیشەسازیكردن پەرەی پێ بدرێت و گەنجینەی ساركەرەوەمان هەبێت، من دڵنیام لە ساڵانی داهاتوو هەنگاوی زۆر گرنگ دەنرێت و كێڵگە كشتوكاڵییەكان زۆر گەشە دەكەن.
یەكێك لەو میوە ستراتیجییانە زەیتوونە كە وەك باس دەكرێ كەشوهەوا و خاكی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی زۆر گونجاوە، چی كراوە بۆ گەشەپێدانی زیاتری ئەم بەرهەمە؟
ئێمە لە 2008ەوە وەك وەزارەت گرنگییەكی زۆرمان بەو بەرهەمە داوە، بەرهەمهێنانی زەیتوون و هێنانی جۆری تایبەتیی نەمامی زەیتوون و چەند نەمامگەیەكمان بۆ بەرهەمهێنانی تەرخان كرد و پاڵپشتی جووتیارانمان كرد، باخمان بۆ دروست كردن و دەتوانم بڵێم قۆناغی زۆر باشمان بڕیوە و بۆ یەكەم جار لە هەرێمی كوردستان شەش كارگەی بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون هەن، ئەم دەستكەوتە بۆ هەوڵەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ دەگەڕێتەوە، یەكەم جار كارگەیەكمان هێنا لەگەڵ ئیتاڵییەكان رێككەوتین و بڕیار بوو كارگەی زیاتر بێنین، بەڵام ئەو دۆخەی بەسەردا هات، ژمارەیەك جووتیار و فەرمانبەرمان بردە دەرەوە بۆ بینین و راهێنان و هەر ئێستە ئەو كارگەیە بووەتە هۆی ئەوەی سێ كارگەی تر لە هەولێر، یەكێك لە هەڵەبجە یەك لە رانیە و یەك لە گەرمیان هەبێ. خەڵكیش زۆر گرنگی بە زەیتوون دەدات، چونكە زەیتوون خۆی بەرهەمێكی زۆر گونجاوە و دارەكەی بەرگەی نەخۆشییەكان دەگرێ و تەمەنی سەدان ساڵە و هەمیشە سەوزە. كاتی خۆی جووتیاران نیگەران بوون لەوەی نازانن چ لە زەیتوونەكەیان بكەن، بەڵام ئێستە زەیتوونەكە دەكرێتە رۆن و كێشەیان نییە و ئەمەش وای كردووە جووتیاران خۆیان هەوڵ بدەن نەمامی باشتری زەیتوون بچێنن و گرنگی بە كوالێتی بدەن.
هاوئاهەنگیتان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق هەیە لە رووی پاراستنی سنوور، سەپاندنی باج و بڕیار و رێنوێنییەكانی پێوەندیدار بە كشتوكاڵ؟
بڕیارە بەمنزیكانە لەگەڵیان دانیشین بۆ ئەوەی ئەم گرفتانە لابەرین
بە پێی بڕیاری ژمارە 13 ی ساڵی 2019، دەبێ لیژنەیەكی هاوئاهەنگی هەبێت لە نێوان هەر دوو وەزارەت، دەبێ بازاڕەكان ئاوەڵە بكرێن بۆ بەرهەمی ناوخۆ بەتایبەتی بازاڕەكانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، تا ئێستە لەو ئاستەدا نەبووە و بڕیارە بەمنزیكانە لەگەڵیان دانیشین بۆ ئەوەی ئەم گرفتانە لابەرین. بە پێی یاسای عێراقی هاوردەكردنی زەیتوون قەدەغەیە كە یەكێكە لە گرفتەكان بەنیازین ئەمە چارەسەر بكەین، چونكە داخوازییەكی زۆر هەیە لە لایەن جووتیارانی كوردستان بۆ ئەوەی باشترین جۆری زەیتوون هاوردە بكەن و لە كوردستان پەرە بە بەرهەمهێنانی بدەن.
هەرێمی كوردستان لە رابردوودا لە بواری ئاژەڵداری پێگەی لە ئێستەی بەرزتر بووە و پێداویستی خۆی دابین كردووە، بەڵام ئەمڕۆ لە وڵاتانی ترەوە مەڕ و رەشەوڵاخ و گۆشت و بەرهەمەكانی تری بۆ هاودە دەكرێت هۆكارەكە چییە؟
بۆ ئەم كەرتە و بەهێزكردنی سامانی ئاژەڵ چەند پڕۆژەیەكی گەورە پێشكەش كراون. بۆ هەموو سێكتەرەكان بەرنامە و پلانی خۆمان هەیە و هیوادارین بۆ هەمووان جێبەجیی بكەین.