"لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت سلێمانی بە كاتە زێڕینەكانی تێدەپەڕێت"

:: AM:08:58:05/11/2020 ‌
وەبەرهێنەرێكی سلێمانی دەڵێت، لە سەردانی دوێنێی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، ئامادەیی هەموو ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنەران دراوە بۆ ئەوەی پڕۆژەكان بەپێی ڕێنوێنی و یاسا دەست پێ‌ بكرێنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی تشرینی دووەم، دڵشاد حەمەقادر وەبەرهێنەر و سەرۆكی كۆمپانیای سنوور بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە كارئاسانی زۆر بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەكرێت كە ئەوەیش جێی دڵخۆشییە.

بەئومێدی قۆناغێكی نوێ و بەرهەمدارین لە بواری سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری و پیشەسازی و كشتوكاڵی و بازرگانی و گەشتیاریی لە كوردستان و سلێمانی 
ئەو وەبەرهێنەرە گوتی، لە سەردانەكەی دوێنێی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، ئامادەیی هەموو ئاسانكارییەكی ڕاگەیاندووە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنوێنییەكان، ئەوەیش دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی جارێكی تر وەبەرهێنەران پڕۆژەكان بە گەڕ بخەنەوە.

باسی لەوەش كرد، دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و هێنانی شەقامی 100 مەتری بۆ سلێمانی و ئەو ئاسانكارییانەی ئێستە لە وەبەرهێنان دەكرێت، ئەو شارە بە كاتی زێڕینی خۆی تێدەپەڕێت.

محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بڵاوی كردووەتەوە، لە سەردانی دوێنێ‌ لەگەڵ وەبەرهێنەران لەبارەی شاری پیشەسازیی عەربەت و دانانی میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، پێكهێنانی لیژنەیەكی پێوەنددار لە وەبەرهێنان و لایەنە پێوەندیدارەكان بۆ پێداچوونەوە بە دەرخستەكانی ئەم پڕۆژەیە كرا.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانیش باسی لەوە كردووە، بەئومێدی قۆناغێكی نوێ و بەرهەمدارین لە بواری سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری و پیشەسازی و كشتوكاڵی و بازرگانی و گەشتیاریی لە كوردستان و سلێمانی، ئەوەیش بە بەخشینی دەسەڵاتی زیاتر بە پارێزگاكان و پتەوكردنی لامەركەزیی لە بواری وەبەرهێناندا، بڕیاردان لەسەر چەند دۆسیەیەكی گرنگ پێوەیست بە ناوچەی پیشەسازی و یەكەكانی نیشتەجێبوون و لابردنی ڕۆتین و ئاستەنگەكانی بەردەم وەبەرهێنانی ڕاستەقینە.



وشە - رامیار جەواد