جۆ بایدن لە سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە

:: AM:09:34:05/11/2020 ‌
دوای ئەوەی لە هەندێک ویلایەتی ئەمەریکا ئەنجامی هەڵبژاردن لە قازانجی بایدن یەکلایی بووەوە، ئومێدی بایدن بۆ سەرکەوتن زیاتر دەبێت و پێ دەچێت بایدن لە ترەمپ بباتەوە.

هەرچەندە دوێنێ چوارشەم دۆناڵد ترەمپ بۆ لایەنگرەکانی سەرکەوتنیشی راگەیاند بەڵام هەر ئەو کات بایدن پێی گوت جارێ پەلە مەکە چونکە هێشتا جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامە.

بەپێی دواین دەرەنجامی cnn جۆ بایدن 253 کورسی و دۆناڵد ترەمپش 213 کورسی بەدەست هێناوە. شەش ویلایەت ماوە دەنگەکانی تێدا جیا بکرێنەوە.

هەر دوو ویلایەتی میشیگان و ویسکۆنسن تاوکوو ئێستە لە قازانجی بایدن یەکلایی بوونەتەوە کە ترەمپ ئومێدێکی زۆری پێ بەستبوون و جیاوازیی دەنگەکانیش بەرچاو نین.
بایدن پێویستی بە 17 کورسی تر هەیە

بایدن پێویستی بە 17 کورسی تر یان ئێلێکتۆراڵی تر هەیە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا.

لەو شەش ویلایەتەی ماوە دەنگەکانیان یەکلایی بکرێتەوە ئەگەر بایدن دوو ویلایەتی نێڤادا و ئاریزۆنا بەدەست بهێنێت ئەوا بووەتە سەرۆکی ئەمەریکا. لە چوار ویلایەتەکەی تر ترەمپ زاڵە.

لە ئاریزۆنا ئەنجامە بەرایییەکان تاوەکوو ئێستە ملیۆنێک و 444 هەزار دەنگ بۆ بایدن و ملیۆنێک و 365 هەزار دەنگ بۆ ترەمپە و ئەو ویلایەتەش 11 ئێلێکتۆراڵی هەیە. بایدن بۆ سەرکەوتن پێویستی بە شەش نوێنەرەکەی نێڤاداش هەیە هەر چەندە لە ژمارەی دەنگەکاندا هەشت هەزار دەنگ لە پیشەوەی ترەمپە.



وشە - سلێمان تاشان