وەزارەتی دادی ئەمەریكا 27 ماڵپەڕی سەر بە سوپای پاسدارانی داخست

:: AM:10:38:05/11/2020 ‌
وەزارەتی دادی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، 27 ماڵپەڕی پێوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئێرانی داخستووە و هۆكاری بڕیارەكەش ئەوە بووە زانیاری هەڵەیان بڵاو كردووەتەوە.

ئەو هەنگاوی وەزارەتی دادی ئەمەریكا دوای ئەوە دێت كە لە سەرەتای مانگی رابردووش 92 ماڵپەڕ و پەیجی سەر بە سوپای پاسدارانی داخستبوو.

ویستوویانە بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست بەردەنگەكانیان هەڵخەڵەتێنن.
بەگوتەی سەرچاوەكە سەرەڕای ئەوەی كە بەشێك لەو ماڵپەڕانە بە زمانی عەرەبی زانیارییان بڵاو كردووەتەوە و زیاتر رووماڵی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان كردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا ویستوویانە بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست بەردەنگەكانیان هەڵخەڵەتێنن.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا بەشێك لەو ماڵپەڕانە بە ئاشكرا ئەوەیان پێوە دیار بووە دوژمنایەتی ئەمەریكا، ئیسرائیل و سعوودیە دەكەن و پاڵپشتییان لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران كردووە و خۆشیان وەك سەربەخۆ پێشان داوە.

جێی ئاماژەیە سوپای پاسدارانی ئێران كە بودجەیەكی زۆری لە بەردەستدا بووە، تەنیا چەك و پێداویستی سەربازی بۆ هەندێك وڵات و میلیشیاكان دابین نەكردووە، بەڵكو لە رووی راگەیاندنیش رۆڵی هەبووە و لە تەواوی دنیادا ویستوویەتی وای پێشان بدات ئێران فریشتەیە و ئەوە ئەمەریكا و ئیسرائیلە تەواوی دنیایان شێواندووە.



وشە - سلێمان تاشان