عه‌بدوڵای مه‌لا نووری خزمه‌تی هێزێكی داگیركه‌ر ده‌كات

:: AM:11:59:05/11/2020 ‌
پارێزه‌ر و رۆژنامه‌نووسان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی عه‌بدوڵای مه‌لا نووری ده‌یكات و ده‌یڵێت دژی هه‌رێمی كوردستانه‌، خزمه‌تكردنه‌ به‌ هێزێكی داگیركه‌ری وه‌ك په‌كه‌كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌ كه‌ چه‌ندان ساڵه‌ خه‌بات بۆ كورد و كوردستان ده‌كات.

ئیمداد عه‌بدوڵا رۆژنامه‌نووس و چالاك له‌ سلێمانی به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، هه‌ڵبه‌ته‌ ڕه‌خنه‌گرتن و ئۆپۆزسیۆنبوون بابه‌تێكی ئاسایی و نۆرماڵه‌ و بگره‌ زۆرجار خزمه‌تكردنه‌ به وڵات و جۆرێكه‌ له‌ خه‌باتی نیشتمانی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گرتنه‌كه‌ بچێته‌ خزمه‌تی ئه‌جێندای هێزێكی داگیركه‌ر و خۆسه‌پێن، ئه‌وا له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌.

ناوچه‌ی داگیركراوی ئه‌وان هه‌رێمی كوردستان نییه‌، به‌ڵكو باكوری كوردستانه

ئه‌وه‌شی گوت، دۆزی كورد له‌ مێژه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان خه‌باتی بۆ ده‌كرێت، له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ك هێزه‌ كوردییه‌كان دژی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌جه‌نگن، باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ كوردێكی ره‌سه‌ن حه‌ز به‌ شه‌ڕی براكوژی و كوردكوژی بكات، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ سه‌ره‌ڕای جێگیركردنی پێگه‌كانی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌دا، چه‌ندان ساڵه‌ خۆی به‌ خاوه‌ن ماڵ و خاوه‌ن بڕیار ده‌زانێ و حیساب بۆ كه‌س ناكات، ڕاسته‌ په‌كه‌كه‌ كوردن، به‌ڵام ناوچه‌ی داگیركراوی ئه‌وان هه‌رێمی كوردستان نییه‌، به‌ڵكو باكوری كوردستانه‌.

نه‌زیره‌ جاف پارێزه‌ری راوێژكار به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، په‌كه‌كه‌ له‌ بری هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت كار بۆ خه‌باته‌كه‌ی تری بكات، عه‌بدوڵای مه‌لا نووری كه‌ هاتووه‌ پشتگیریی ره‌فتاره‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر كوردستان و پێشمه‌رگه‌ ده‌كات، هیچ گومانی تێدا نییه‌ كه‌ دژی هه‌رێمی كوردستانه‌.

ئه‌وه‌شی گوت، ئه‌و ره‌فتارانه‌ی له‌ مێژوودا ده‌مێننه‌وه‌ و مێژوو بۆیان هه‌ڵده‌گرێت كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌ كه‌ خوێنی داوه‌ بۆ كوردستان چییان كردووه‌، بۆیه‌ مێژوو ناسنامه‌ی خراپیان بۆ هه‌ڵده‌گرێت.

وشه‌/ سلێمانی



وشە - ڕێناس شابان