په‌كه‌كه‌ لە ڕۆژانی هەینی بە جلی مەدەنییەوە دەچنە ناو گەشتیاران

:: AM:11:59:05/11/2020 ‌
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست "وشه‌" كه‌وتوون، چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ سنووری شارباژێڕ شێوازی خۆیان گۆڕیوه‌ و ئێسته‌ به‌ جلی تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌ ناچنه‌ ناو شوێنی ئاوه‌دانی و تێكه‌ڵ به‌ هاووڵاتییانی سڤیل ببن، به‌ڵكو جلی ئاسایی له‌به‌ر ده‌كه‌ن تا نه‌ناسرێنه‌وه‌.

چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو به‌ جلی سڤیله‌وه‌ به‌شێوه‌ی فراوان له‌ سنووری شارۆكه‌ی ماوه‌ت و شاره‌دێی گاپیڵۆن چوونه‌ته‌ ناو هاووڵاتییان، به‌ تایبه‌تی له‌ رۆژنی هه‌ینی كه‌ ناوچه‌كان شوێنی گه‌شتیارین و گه‌شتیار زۆرتر روو ده‌كاته‌ ئه‌وێ.

چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ به‌شێوه‌ی فراوان له‌ ناوچه‌ی شارباژێڕ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی هه‌ن و له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان بنكه‌ و باره‌گایان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ شاخه‌ به‌رزه‌ سنوورییه‌كان و شاخی ئاسۆس، بۆ پێویستی و كه‌لوپه‌لی تایبه‌تی ده‌چنه‌ شوێنی قه‌ره‌باڵغی بازاڕه‌كان.

رۆژانه‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی توركیا به‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌مانه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ چاودێریی ئه‌وان ده‌كه‌ن

كامه‌ران عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گاپیڵۆنی سه‌ر به‌ شارۆكه‌ی ماوه‌ت به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، ده‌زانین ماوه‌یه‌ك ده‌بێت چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ شێوازی جلی خۆیان گۆڕیوه‌ و ئێسته‌ به‌ جلی سڤیله‌وه‌ ده‌چنه‌ شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغ و ئاوه‌دانییه‌كان، ئه‌م كارانه‌ش زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا نه‌ناسرێنه‌وه‌ و ئاشكرا نه‌بن.

زیاتر گوتی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ رۆژنی پشوو به‌تایبه‌تی رۆژانی هه‌ینی كه‌ ناوچه‌كانی ئێمه‌ گه‌شتیارین و زۆرترین گه‌شتیار و هاووڵاتی سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش جلی خۆیان ده‌گۆڕن و دێنه‌ خواره‌وه‌ و تێكه‌ڵ به‌ هاووڵاتییان ده‌بن، به‌ڵام ئێمه‌ له‌و رۆژانه‌دا سه‌ربازگه‌ی كاتی داده‌نێین بۆ ئه‌وه‌ی رێ نه‌ده‌ین زۆر تێكه‌ڵی هاووڵاتییان ببن، چونكه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌ به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ بۆردمانی ناوچه‌كانمان بكرێت له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ و هاووڵاتییان ببنه‌ قوربانی.

زیاتر گوتی، به‌رده‌وام و رۆژانه‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی توركی به‌سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌كه‌مان بۆ چاودێری ئه‌وان ده‌سووڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوكێی لای هاووڵاتییانی  سنووره‌كه‌ دروست كردووه‌.

كارزان عوسمان هاووڵاتیی دانیشتووی شاره‌دێی گاپیڵۆن به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، ماوه‌یه‌ك ده‌بێت هه‌ست به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ شێوازی جلی خۆیان گۆڕیوه‌ كاتێك تێكه‌ڵی ناوچه‌ ئاوه‌دانه‌كان ده‌بن و دێنه‌ ناو هاووڵاتییانی سڤیل، ئه‌وان ئه‌و كاره‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن تا نه‌ناسرێنه‌وه‌ له‌ كاتی چاودێریكردنیان له‌ لایه‌ن فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی توركیا.

ئه‌وه‌شی گوت، ئه‌و كاره‌ی په‌كه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌، ئه‌وان كاتێك تێكه‌ڵی هاووڵاتییانی سڤیل ده‌بن، به‌ ته‌واوی ده‌بنه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر هاووڵاتییانی ئه‌و سنووره‌، ئێمه‌ رۆژانه‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی توركیا به‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌مانه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ چاودێریی ئه‌وان ده‌كه‌ن.

له‌ ماوه‌ی رابردوودا به‌هۆی تێكه‌ڵبوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ هاووڵاتییانی سڤیل سنووری ناوچه‌كانی شارباژێڕ، چه‌ندان جار فڕۆكه‌ی توركیا بۆردمانی ناو هاووڵاتییانی سڤیلی كردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ برینداربوونی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی بۆردمانی ناوچه‌ی كونه‌ماسی كه‌ به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ خێزانێكی چوار كه‌سی بریندار بوون.

ماوه‌یه‌كه‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ ده‌ستیان داوه‌ته‌وه‌ تێكدانی ئارامیی هه‌رێمی كوردستان و جموجووڵه‌كانیان به‌ ئاراسته‌ی دژی ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زیادی كردووه‌، له‌ ماوه‌ی رابردوو له‌ ناوچه‌ی سه‌رزێڕ به‌رپرسێكی ئاسایشیان كوشت و هه‌فته‌ی رابردووش بۆڕیی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ و له‌ ناوچه‌ی چه‌مانكێش رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بوونه‌ته‌وه‌.

سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی


وشە - ڕێناس شابان