به‌رپرسێكی یه‌كێتی: په‌كه‌كه‌ ده‌یه‌وێ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان كوێخا بێت

:: PM:03:04:05/11/2020 ‌
جێگری پێشووی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زووری یه‌كێتیی ده‌ڵێ، پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ هاوشێوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ و دیموكرات بن، ده‌ست له‌ كاروباری ناوخۆی خه‌ڵكی ئێمه‌ وه‌رنه‌ده‌ن، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ ده‌یه‌وێ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان كوێخا بێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م پێنجی تشرینی دووه‌م، ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری جێگری پێشووی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زووری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ "وشه‌"ـی ڕاگه‌یاند، كاتێك په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانن ده‌بێت ڕه‌چاوی هه‌ستی خۆیان بكه‌ن، جێ و ڕێی خه‌باتیان ئێره‌ نییه‌ و نابێت خۆیان بكه‌ن به‌ كوێخا له‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌وان خۆیان به‌ حزبی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌زانن، ده‌ی له‌م دۆخه‌ی ئێسته‌ هیچ لایه‌ك ناتوانێ ببێت به‌ هی هه‌موو كورد، ئیلا ده‌بێت هه‌ر حزبه‌ی بۆ سنوور و ناوچه‌ی خۆی بێت، جا پێمان خۆش بێت یان نا.

زیاتر گوتی: ئێمه‌ كاتێك له‌ ئێران بووین، هیچ ده‌ستمان له‌ كاروباری ناوخۆی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات نه‌ده‌دا، پێویسته‌ هاوشێوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ و دیموكرات بكه‌ن، چۆن ئه‌وان له‌ كوردستانن و ده‌ست له‌ كاروباری ناوخۆی خه‌ڵكی ئێمه‌ وه‌رناده‌ن، پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ش هه‌مان سیاسه‌ت بگرێته‌به‌ر، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان كوێخا بێت.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا قه‌ده‌فه‌ری ئه‌وه‌شی گوت: توركیا په‌كه‌كه‌ی وه‌ك بیانوویه‌ك گرتووه‌ته‌ ده‌ست بۆ بۆردمانكردن و داگیركردنی خاكی باشووری كوردستان، بۆیه‌ نابێت په‌كه‌كه‌ ئه‌و بیانووه‌ له‌ كوردستانن بدات به‌ده‌سته‌وه‌ و كێشه‌ دروست بكه‌ن.

ئه‌وه‌شی گوت: خه‌باتی سه‌ربازی و چه‌كداری باوی نه‌ماوه‌ و ته‌واو بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كان به‌ چه‌ك فریای شه‌ڕ ناكه‌ون، بۆیه‌ ئێسته‌ به‌ چه‌ك ناگه‌نه‌ ئه‌نجام، ئه‌و باره‌گایانه‌ی هه‌یانه‌ ورده‌ ورده‌ لایان ببه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ده‌ربازیان ببێت بۆ وڵاتان، به‌بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌وروپا خه‌باتی سیاسی و دیپلۆماسی ده‌كه‌ن، زۆر له‌ شه‌ڕی ئه‌مانه‌ی ئێره‌ باشتره‌.

هه‌ڵه‌بجه‌ / عه‌زیز هه‌ورامی



وشە - ڕێناس شابان