هونه‌رمه‌ندان: په‌كه‌كه‌ درۆزنن

:: PM:03:30:05/11/2020 ‌
هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، په‌كه‌كه‌ به‌ دارده‌ستی وڵاتانی دژ به‌ كورد ده‌زانن و ده‌ڵێن، پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ چه‌كه‌كانیان دژی دوژمن بێت نه‌ك كوردستانیان.
 
حمه‌ڕه‌شید هه‌ره‌سی هونه‌رمه‌ند به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، په‌كه‌كه‌ ئه‌جێندایه‌كی ئێرانی به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئێران ده‌یه‌وێ له‌ ڕێی په‌كه‌كه‌وه‌ ئێسته‌ زیان به‌ هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێت.

مه‌یدانی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌باتی په‌كه‌كه‌ باكوری كوردستانه
زیاتر گوتی‌، په‌كه‌كه‌ وه‌ك گرێیه‌كی‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌ له‌ جه‌سته‌ی گه‌لی كورددا، "ئه‌مانه‌ درۆزنن و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی درۆیان هه‌ڵگرتووه‌ به‌ناوی چوارپارچه‌ی كوردستان، به‌ڵام دواتر داوای مانه‌وه‌ی كورد ده‌كه‌ن له‌ ناو ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی داگیری كردووه‌".
 
لای‌ خۆیه‌وه‌ لوقمان غه‌ریب ده‌رهێنه‌ر به‌ "وشه‌" ڕاگه‌یاند، مه‌یدانی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌باتی په‌كه‌كه‌ باكوری كوردستانه‌، ئه‌و هێز و توانایه‌ی دژی پێشمه‌رگه‌ و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌كاری ده‌هێنێت، بڕوات له‌ باكوری كوردستان به‌كاری‌ بێنێت.

روونیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ زیانی گه‌وره‌ی گه‌یاندووه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاری كوردستان له‌ باكور و باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات، كاره‌كانی په‌كه‌كه‌ زیانی به‌ جووڵانه‌وه‌ی كورد له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ران گه‌یاندووه‌.
 
ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ پێی‌ وایه‌، په‌كه‌كه‌ ئاسته‌نگه‌ له‌ به‌رده‌م ئامانجی به‌ره‌وپێشچوونی گه‌لی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان.

هه‌ڵه‌بجه‌/ عه‌زیز هه‌ورامی



وشە - وشه‌