خەڵاتی ھونەری ساڵی2020 ڤیكی سێورای فینلەندا بە رەسووڵ خوڕەم رۆژنامەنووسی كورد و دەرهێنەری بەڵگەفیلم بەخشرا، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا دواین پێشانگەی هونەری خۆی لەمساڵدا بەڕێوە بەرێت.
رەسووڵ خوڕەم بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لە ئاكامی كار و چالاكییەكانی ساڵانی رابردووی وەك كردنەوەی پێشانگەی وێنە، بەڕێوەبردنی دیداری فیلمی كوردی، بەرھەمھێنانی فیلم و بە تایبەت رێكخستنی پێشانگەی كاتەكانی یاسكا لە ناو دارستان، لە فینلەندا ڕێزی لێ گیرا و ئەم خەڵاتەی پێشكەش كرا.
وەك زیاتر خستیەڕوو، رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەكە بە بەشداریی فینلەندییەكانی ھونەردۆست لە ناوەندی كولتووری كاری شاری ھێلسینكی بەڕێوە چوو.
بووەتە جێی سەرنجی فینلەندییەكان.
ھاوێنی رابردوو خوڕەم بە رێكخستن و كردنەوەی پێشانگەی وێنە لە ناو دارستان، لە ژێر ناوی "كاتەكانی یاكسا" بۆ وێنەگری فینلەندی Jaakko Penttinen كە بەهۆی نەخۆشی مێشك و لە بیرچوونەوە توانای ئەم كارە و گەیشتن بەو ئاواتەی نەبوو، بووە جێی سەرنجی فینلەندییەكان.
ئەو رۆژنامەنووس و دەرهێنەری بەڵگەفیلمە، خەڵكی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە ماوەی 10 ساڵی ژیانی لە فینلەندا بەردەوام لە رێی زمانی وێنە و فیلم ھەوڵی ناساندنی زیاتری داونەریتی كوردەواری بە فینلەندییەكان داوە.
"گوڵە فینلەندییەكانی دایكم" دوایین پێشانگەیەتی کە 10ی مانگ دەکرێتەوە
"گوڵە فینلەندییەكانی دایكم" دوایین پێشانگەی وێنەی ئەو دەرهێنەرەیە لە ساڵی 2020 كە لە 10ی ئەم مانگە لە ھێلسینكی بەڕێوە دەچێت.