ماوه‌ی دوو رۆژه بڕێك له پاره‌ی ساخته‌ی هه‌ردوو جۆری 50 هه‌زار دینار و 50 دۆلاری له بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی شاری سلێمانی بڵاوبووه‌ته‌وه و خاوه‌نی نووسینگه‌یه‌كیش رای ده‌گه‌یه‌نێت، ساخته‌كردنه‌كان به جۆرێك كراون هێنده كوالێتی به‌رزه ئامێره‌كانی پاره ژماردن چه‌ند گرانبه‌هابن ئاشكرای ناكه‌ن.
هێژا ئه‌حمه‌د له نووسینگه‌ی خاكی شارباژێر، له بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی شاری سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، دوو رۆژه بڕێك پاره‌ی ساخته له جۆری 50 هه‌زار دیناری كه 150 هه‌زار دیناربوو واته شه‌ش 50 هه‌زاری له بازاڕی دۆلاره‌كه ئاشكرابوون، ساخته‌كردنه‌كه‌یان هێنده كوالێتییه كه هیچ جیاوازی له‌گه‌ڵ 50 هه‌زاری ئه‌سڵی نییه و ئاشكراكردن و دۆزینه‌وه‌یان زۆر قورسه.
پۆلیس: پاره‌ی ساخته له هه‌موو شوێنێك هه‌یه
روونیشی كرده‌وه كه له‌گه‌ڵ ئه‌و 50 هه‌زار دیناره ساختانه، 50 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی ساخته‌ش بلاَوبووه‌ته‌وه، ئه‌ویش كوالێتی به‌رزه و جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌سڵی نییه و هه‌ردوو جۆره له ئامێری پاره ژماردن ئاشكرا نابن.
لای خۆیه‌وه نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و پێوه‌ندییه‌كانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی پاره‌ی ساخته له‌بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی سلێمانی هیچ سكاڵایه‌ك نه‌هاتووه تا به‌دواداچوون بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته.
روونیشی كرده‌وه كه وه‌ك هه‌ر وڵاتێكی تر كه چۆن پاره‌ی ساخته‌یان هه‌یه، له سلێمانی و هه‌ر ناوچه‌یه‌كی تریش ده‌گونجێت كه رۆژانه سه‌تان ملیۆن دینار ئاڵوگۆڕی پێده‌كرێت و وه‌رده‌گیرێت و ده‌فرۆشرێت، پاره‌یه‌كی ساخته‌ی تیابێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی