شەڕفرۆشیی پەكەكە بەردەوامە.. شەقامێكی گشتی لە سنووری ئامێدی بۆمبڕێژ دەكات

:: PM:06:11:05/11/2020 ‌

لە سنووری پارێزگای دهۆك، پەكەكە بووەتە مەترسی بۆ سەر خەڵكی ناوچەكە و بەوهۆیەوە 300 گوند چۆڵ كراون، هێزی پێشمەرگە لە شەقامی گشتی نەچووەتە دەرەوە، كەچی تەقەیان كرد و چوار پێشمەرگە بوونە قوربانی، ئێستەیش پەكەكە شەقامێكی بۆمبڕێژ كردووە و دەستپێشخەری بۆ شەر دەكات.
پەكەكە مەترسییەكی بەردەوامە بۆ ناوچەكە
سەرچاوەیەكی باڵا لە هێزی پێشمەرگە لە سنووری ئامێدی بۆ"وشە" گوتی، ئەمڕۆ پێنجشەم دۆخەكە باشە، بەڵام  پەكەكە شەقامی كانیك تا پێڤادی بۆمڕێژ كردووە، بۆمبەكان بە كۆنترۆڵە و بە ئارەزووی خۆیانە بە كێ بیتەقێننەوە، بۆیە شەقامەكەیان بەتەواوەتی داخستووە.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، هێزی پێشمەرگە هیچ كاتێك دەستپێشخەری شەڕی نەكردووە و لە شەقامی سەرەكی بووە، ئەوان بۆمبێكیان بە هێزی پێشمەرگە تەقاندووەتەوە و بەوهۆیەوە پێشمەرگەیەك شەهید بوو و سێی تریش بریندار بوون، دواتر بە قازیفە و بیكەیسی تەقەیان لە هێزی پێشمەرگە كرد .

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، تەنیا لە سنووری پارێزگای دهۆك، 300 گوند چۆڵ كراون و خەڵك لە ترسی پەكەكە ناتوانن بچنەوە گوندەكانیان.

لای خۆیەوە عومەر ئورەیی، بەرپرسی لقی ئامێدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ"وشە" گوتی، ئێستە دۆخەكە هەندێك ئارام بووەتەوە و هیچ شەڕێك نییە، بەڵام  پەكەكە بەردەوام مەترسییە بۆ سەر ناوچەكە و گوندێكی زۆر، كە نزیكەی 300 گوند دەبێت، لە سنووری دهۆك بەهۆی پەكەكەوە چۆڵ كراون و لە سنووری نێروە و رێكان و دۆسكی لە راپەڕینەوە چۆڵ كراون و خەڵك ناتوانێ بچێتەوە گوندەكانیان.

ئورەیی روونی كردەوە، پەكەكە بەردەوام دەستپێشخەر بووە بۆ شەڕكردن، ماوەیەك پێش ئێستە كاك غازیان شەهید كرد، دواتر بۆری نەوتی هەرێمیان تەقاندەوە، دوێنێیش پێشمەرگەیەكیان شەهید كرد و سێی تریشیان بریندار كرد، ئەگەر نا پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەك نەچووتە پێش و لە شەقامی گشتی بوونە، ئەوان بۆمبیان بۆ داناون و تەقەیان لە پێشمەرگە كردووە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل