پەكەكە لەسەر حیسابی هەرێم بەناوی خەباتەوە دوژمن بۆ كورد پەیدا دەكات

:: PM:07:05:05/11/2020 ‌

 پارتی كرێكارانی كوردستان لە بری خەباتكردن لەناو خاكی توركیا، خاكی هەرێمی كوردستانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتە بەكار هێناوە، ئەوەیش لەكاتێكدا لە خەباتی رزگاریخوازیی گەلی كورد، هێزی پارچەكانی كوردستان، دۆخی كوردستانی داگیركراویان بەسەر چەند وڵاتێك لەبەرچاو گرتووە.
پەكەكە هەڵە دەكات خاكی هەرێمی كوردستان بەكار دێنێت
 گولیزار رەشید، پەرلەمانتاری كوردستان لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ"وشە" ئاماژەی دا، هیچ هێزێكی كوردستانی باشوور یان هەرێمی كوردستان چالاكی و خەباتی خۆی نەبردووەتە قوڵایی بەشێكی تری كوردستان، تەنیا پەكەكە نەبێت، كە لەسەر حیسابی كوردستانی باشوور بەرەنگاری توركیا دەبێتەوە. 

دووپاتی كردەوە، پەكەكە بەوهەنگاوەی گرفتی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە، هاوكات لە داهاتوودا لە رووی نێودەوڵەتییەوە خەباتی ئەوهێزە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، كە خەباتی چەكداری گرفتی بۆ بەشێكی كوردستان دروست كردووە و بووتە هۆكاری نائارامیی پارەچەیەكی كوردستان و خەباتەكەی نەبردووتە خاكی خۆیەوە.

لای خۆیەوە د. كەیوان ئازاد، مامۆستای زانكۆ و مێژوونووس لەبارەی بەكارهێنانی خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن پەكەكەوە بۆ"وشە" رای گەیاند، راستییەكەی پەكەكە هەڵە دەكات خاكی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی وڵاتێكی تر بەكار دێنێت، چونكە هەركات هێزێكی بەشێكی تری كوردستان چووە توركیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی حكوومەتێكی دراوسێی توركیا، ئەو وڵاتە لە دژی توركیا دەهاتە دەنگ.

زیاتر گوتی، پەكەكە ئەوە لەبەرچاو ناگرێ كە كوردستان بەهۆی دۆخێكی تایبەتی و مێژووییەوە پارچە پارچە كراوە، بۆیە هەنگاوی ناوە و لە هەر بەشێكی كوردستان هێزێكی پاشكۆی خۆی دروست بكات، ئەوەیش هەڵەیە، ئەوە كاتێك راستە كوردستان پارچە پارچە نەبێت، بۆیە پەكەكە هەڵە دەكات خاكی كوردستان بەكار دێنێت، ئەوە لە رووی مێژووییەوە هەڵەیە.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل