پێكهاتەكانی كوردستان لە رەفتارەكانی پەكەكە بە دەنگ هاتن

:: PM:08:42:05/11/2020 ‌

كاردانەوە بەرانبەر بوون و رەفتارەكانی پەكەكە لە خاكی هەرێمی كوردستان بۆ دانی بیانوو بە دەست توركیا و دروستبوونی ئاڵۆزی لە هەرێمی كوردستان، پێكهاتەكانی هێنایە دەنگ، ئەوان تاكە چارەسەر لەوەدا دەبیننەوە كە پەكەكە نەبێتە هۆكاری ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخی كوردستان .

سەید عەزیز تەمە، ناسراو بە ئەبو خەنجەر، كەسایەتییەكی كاكەیی كەركووكە، بە"وشە"ی راگەیاند، نیگەرانین بە خراپبوونی دۆخی كودستان، بۆیە بە پێویستی دەزانین هەردوولایەنی پارتی دیموكراتی كوردستان و پەكەكە هەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخەكە بدەن.
دۆخی هەرێم بەوە ئارام دەبێتەوە پەكەكەی لێ نەمێنێت
ئەبو خەنجەر بڕوای خۆی پێشان دا بەوەی ئاشتی تاكە چارسەرە بۆ كۆتاهێنان بە گرژییەكان، هاوكات ئەوەی خستەڕوو كە بۆ كۆتاهێنان بەوئاڵۆزییەی كە هەیە، وای دەبینین دۆخی ناوچەكە بەوە ئارام دەبێتەوە كە بیانوو نەدرێتە توركیا و پێویستە هێزی پەكەكە لە خاكی باكور بێت.

لای خۆیەوە رۆمیۆ هەكاری، پەرلەمانتاری كلدانی لە پەلەمانی كوردستان بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە كە بەكارهێنانی خاكی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توركیا و ئاڵۆزكردنی دۆخی كوردستان، لە بەرژەوەندی كورد نییە، زیاتر گوتی، مانەوەی هێزێكی دژە بە وڵاتێك لەسەر خاكی وڵاتێكی تر، هەموو جۆرە ئاڵۆزییەك دروست دەكات.

هەر لەوبارەوە فەیسەڵ مەندەلاوی، كەسایەتی كوردی فەیلی لەسەر پرسی ئاڵۆزكردنی پەكەكە بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، هەرێمی كوردستان هەمیشە ئارام بووە، سەقامگیریی كوردستان جێگەی تێڕامانی دۆست و دوژمن بووە، دووپاتی كردەوە، دۆخی ئەوناوچانە كە چەند رۆژێكە ئاڵۆز بووە لە چەمنكێ، بەوە ئارام دەبێتەوە پەكەكەی لێ نەمێنێت.

 سەرەڕای ئەوەی بوونی پەكەكە لەسەر خاكی هەرێمی  كوردستانی رووبەڕووی تۆپبارانی وڵاتانی داوسێی  كردووەتەوە، چەند رۆژێكە پەكەكە كەوتووەتە چاندنی بۆمب و هێرشكردنە سەر هێزی پێشمەرگە، ئەوەیش كاردانەوەی شەقام و ناوەندە میدیاییەكانی لێ كەوتووەتەوە، كە هێزی پارچەیەكی تری كوردستانە و دۆخی هەرێمی كوردستانی لەبەرچاو نەگرتووە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل