میدیایه‌كی ئه‌مه‌ریكی: سه‌ركه‌وتنی بایدن بۆ سه‌رانی به‌غدا ترسناكه‌

:: PM:10:45:05/11/2020 ‌
ماڵپه‌ڕی The Hillی ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تی، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ دوای 2003 كه‌ جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا له‌ دژی به‌عس به‌رپا كرا، كاریگه‌ری ته‌واوی به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ ئاراسته‌ی عێراق هه‌یه‌، جۆ بایدن یه‌كێكه‌ له‌و سیاسه‌تكاره‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌ی وردترین زانیاری له‌باره‌ی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ و بڕیار و هه‌نگاوه‌كانی سه‌یر و سه‌رنجڕاكێشبوون له‌ به‌رانبه‌ر عێراق له‌ ئه‌زموونی ڕابردوویدا، به‌وهۆیه‌وه‌ زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عێراق ترسی زۆریان هه‌یه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی بایدن له‌ هه‌ڵبژاردن.

ڕاسته‌وخۆ دوای ئه‌وه‌ی پێشتر وه‌ك جێگری باراك ئۆباما ده‌ست به‌كاربوو، له‌لایه‌ن ئۆباماوه‌ وه‌ك سه‌رپه‌رشتیار و بڕیارده‌ری ئۆپراسیۆنه‌كان و سیاسه‌ت و دیپلۆماسییه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به‌ عێراق دیاریی كرا، له‌و سه‌رده‌مه‌ی بایدن به‌رپرسی دۆسیه‌ی عێراق بوو، تیرۆیستانی داعش توانیان به‌شی زۆری وڵاته‌كه‌ داگیر بكه‌ن، ڕێژه‌ی كوشتن و توندوتیژیش 400% ڕووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كرد و عێراق گه‌ڕایه‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تا.

جیا له‌وه‌ له‌ خولی یه‌كه‌می ئۆباما، له‌وكاته‌ی لیستی "عێراقییه‌" به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی برده‌وه‌، ده‌بوو حكوومه‌ت پێك بهێنێت، به‌ڵام دواتر مالیكی شرۆڤه‌ی بڕگه‌یه‌كی ده‌ستووری له‌باره‌ی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌ دادگه‌ی باڵا یه‌كلاكرده‌وه‌ و به‌ پشتیوانی ئێران جارێكی تر حكوومه‌تی پێكهێنایه‌وه‌، به‌ڵام ئۆباما و بایدن له‌ شوێنی ئه‌وه‌ی دژی ئه‌و كاره‌ نادیموكراسییه‌ بوه‌ستنه‌وه‌، پشتیوانیان له‌ مالیكی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاپۆرته‌كانی ڕۆبێرت فۆردی باڵوێز و جه‌نه‌ڕاڵ ڕای ئۆدێرنۆ و چه‌ندانی تر، بۆیه‌ دواجار بایدن بڕیاریدا نه‌ك هه‌ر دۆخه‌كه‌ قبووڵ بكه‌ن، به‌ڵكو پشتیوانیشیان له‌ مالیكی و حكوومه‌ته‌كه‌ی كرد.

له‌ سه‌رده‌می ئۆباما به‌رپرسی دۆسیه‌ی عێراق و زۆرترین ورده‌كاری له‌باره‌ی كێشه‌كانی عێراقه‌وه‌ ده‌زانێت
مایكل ئاڕ گۆردون و جه‌نه‌ڕاڵ بیرنارد ئه‌ی ترینور له‌ كتێبه‌كه‌یان به‌ ناوی "كۆتایی یارییكه‌، چیرۆكی ناوخۆی خه‌بات له‌ پێناوی عێراق له‌ جۆرج ده‌بلیو بووشه‌وه‌ بۆ باراك ئۆباما" نووسیویانه‌، كه‌ جۆ بایدن له‌و بڕوایه‌دابوو كه‌ مالیكی هه‌نگاوی زۆر باش ده‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دانوستاندنه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی بوونی هه‌بوو، بۆیه‌ بایدن به‌ ئاشكرا دووپاتی له‌وه‌ كردبووه‌وه‌، كه‌ نایانه‌وێ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ فراكسیۆنی عێراقییه‌ بێ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێران دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌بێت، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران دروست نه‌بێ و پرۆسه‌ی دانوستاندنه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی به‌ ئاسایی به‌ڕێوه‌ بچێت.

ئه‌مه‌ یه‌كێك بوو له‌ بڕیاره‌ هه‌ڵه‌كان له‌باره‌ی چاره‌نووسی عێراقه‌وه‌، جه‌نه‌ڕاڵ ده‌یڤد پترایۆسیش دووپاتی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ وایكرد ناكۆكی قووڵ له‌ نێو گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق دروست بێ و سوننه‌كان جارێكی تر له‌ ئه‌مه‌ریكا بێ ئومێد ببنه‌وه‌، دواجاریش ئه‌مه‌ ڕێخۆشكه‌ر بوو، بۆ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و بێ ئومێدییه‌ی سوننه‌كان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ و كۆنتڕۆڵكردنی زۆربه‌ی ناوچه‌كانیان.

به‌ڵگه‌كان ماون و زانیارییه‌كان ڕوون، كه‌ دوای ئه‌وه‌ی مالیكی ده‌سه‌ڵاتی گرته‌وه‌ ده‌ست، هه‌موو شتێكی پێوه‌ست كرد به‌ خودی خۆیه‌وه‌ و هاوسه‌نگی له‌ نێو سوپا و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت نه‌ما، هه‌موو ڕێككه‌وتنه‌كانی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی له‌ نێوان پێكهاته‌كان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و تانكی سه‌ربازی برده‌ به‌رده‌م ماڵی سه‌ركرده‌كانی سوننه‌ له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا، عیساوی و هاشمی سزایان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توانیان ڕا بكه‌ن و عێراق جێ بهێڵن، بزووتنه‌وه‌ی سه‌حوه‌ له‌لایه‌ن مالیكی هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ كه‌ پێشتر ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیده‌ دروستی كردبوون، كورده‌كانیش زۆرترین گرفتیان له‌گه‌ڵ مالیكی دروست بوو و كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی به‌ میزاجی كه‌سی خۆی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی.

بڕیارێكی هه‌ڵه‌ی بایدن و ئیداره‌ی ئۆباما دۆخی عێراقی به‌م ساته‌ی ئێسته‌ گه‌یاند
هه‌موو ئه‌وانه‌ دۆخی عێراقیان به‌ره‌و تونێڵێكی تاریك و بێ ڕۆشنایی ئاراسته‌ كرد، دواجاریش داعش ئه‌و دۆخه‌ی قۆسته‌وه‌ و توانی گورزێكی گه‌وره‌ له‌ عێراق بوه‌شێنێ و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م زۆرترین ناوچه‌ كۆنتڕۆڵ بكات، پاشان ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جارێكی تر هێزه‌كانی ڕه‌وانه‌ی عێراق كرده‌وه‌ بۆ شه‌ڕی داعش، به‌ پشتیوانی بایدن و ئۆباما ڕاوێژكارانی ئه‌مه‌ریكی گه‌یشتنه‌وه‌ عێراق و مه‌شق و ڕاهێنانیان به‌ میلیشیاكانی شیعه‌ ده‌كرد، كه‌ له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كران، ئێسته‌یش جارێكی تر میلیشیاكان بوونه‌ته‌ گه‌وره‌ترین كۆسپ و له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ئه‌مه‌ریكا و پێشڤه‌چوونی عێراق.

له‌ هه‌ڵبژاردنی 2016یش میلیشیاكان به‌ ناوی هاوپه‌یمانی فه‌تح چوونه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و دووه‌م براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بوون، ئێسته‌یش زۆرترین هه‌ژموونیان به‌سه‌ر عێراق هه‌یه‌ و به‌ ئاشكرایش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ پێویسته‌ سیسته‌می سیاسی و ده‌سه‌ڵاتداری ئاینی ئێران بۆ عێراق بگوێزرێته‌وه‌ و بوونه‌ته‌ سه‌ره‌كیترین هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی عێراق وه‌ك پاشكۆیه‌كی ئێرانی لێ بێت، هه‌موو ئه‌مانه‌یش له‌ ئه‌نجامی پشتكردنه‌ دیموكراسی و پشتیوانیكردنی مالیكی بوو، كه‌ پێچه‌وانه‌ی خواستی ده‌نگده‌رانی عێراق كرایه‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران و دۆخی وڵاته‌كه‌ی به‌م ئاسته‌ گه‌یاند و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكایش ئێسته‌ له‌ عێراق له‌ به‌رده‌م مه‌ترسی یه‌كجار گه‌وره‌دان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د