قه‌ده‌غه‌ی هه‌نارده‌ی گه‌نمی ڕۆژئاوا..حكوومه‌تی ئه‌سه‌دی سه‌رگه‌ردان كردووه‌

:: PM:11:36:05/11/2020 ‌
حكوومه‌تی به‌عسی سووریا تووشی ته‌نگژه‌یه‌كی قووڵی گه‌نم بووه‌ته‌وه‌ و ناتوانن گه‌نمی پێویست ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، بۆ دروستكردنی نان، ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ نرخی نان له‌ بازاڕه‌كان به‌ ڕێژه‌ی 100% به‌رز ببێته‌وه‌، هۆی دروستبوونی ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌یش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كورد له‌ ڕۆژئاوای كوردستان ڕێگری له‌ ڕۆیشتنی گه‌نمی جووتیارانی حه‌سه‌كه‌ بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن.

ڕۆژنامه‌ی "العربی الجدید" له‌وباره‌وه‌ ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌نم و دانه‌وێله‌ له‌ حكوومه‌تی ئه‌سه‌د له‌ ڕۆژانی ڕابردوو بانگه‌وازی بۆ جووتیاران كردووه‌، تا گه‌نم ڕاده‌ستی سایلۆكانی حكوومه‌ت بكه‌ن، دوا واده‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمیش بۆ نۆی مانگی داهاتوو دیارییكراوه‌، به‌ڵام له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كان جووتیاران گه‌نم ڕاده‌ست ده‌كه‌ن، كه‌چی له‌ ڕۆژئاوای كوردستان ساڵانی پێشوو زیاتر له‌ 300 هه‌زار تۆن گه‌نم بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ئه‌سه‌د ده‌ڕۆیشت، كه‌چی ئه‌مساڵ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاوا ڕێگری له‌م كاره‌ ده‌كات، ئه‌مه‌یش حكوومه‌تی به‌عسی تووشی ته‌نگژه‌یه‌كی قووڵ كردووه‌ و ناتوانن گه‌نم ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.

یوسف قاسم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گه‌نم و دانه‌وێله‌ی سووریا له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانی گوتی، كڕینی گه‌نم له‌ ناوچه‌ جیا جیاكانی وڵات زۆر قورس بووه‌، به‌هۆی ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ی كه‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌سه‌ر سووریایان سه‌پاندووه‌، جیا له‌وه‌یش به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌مساڵ خه‌ڵكی وه‌ك ساڵانی پێشوو نه‌یانتوانیوه‌ له‌ كێڵگه‌كانیان گه‌نم و جۆ به‌رهه‌م بهێنن، بۆیه‌ كۆگه‌كانی حكوومه‌ت به‌ به‌تاڵی ماونه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانمان چڕ كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین بڕی گه‌نم له‌ جووتیاران بكڕینه‌وه‌ و كۆتایی به‌ ته‌نگژه‌ی نه‌بوونی گه‌نم و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نان بهێنین.

حكوومه‌تی به‌عسی دیمه‌شق هاواری لێ هه‌ستاوه‌ و نێوه‌ندگیر ده‌نێرێته‌ ڕۆژئاوا تا ڕێ به‌ ڕۆیشتنی گه‌نم بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ئه‌سه‌د بده‌ن
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ سووریاوه‌ دووپاتیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاوا ئه‌مساڵ سه‌رجه‌م مامه‌ڵه‌كانی فرۆشتنی گه‌نمی له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌عس وه‌ستاندووه‌، زۆربه‌ی ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی كه‌ پڕبوون له‌ گه‌نمیش ویستراوه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌عس ببرێن، به‌تاڵكراونه‌ته‌وه‌ و ڕێگریان لێ كراوه‌ و خۆیان گه‌نمه‌كانیان كڕیوه‌ته‌وه‌ و كۆگه‌یان كردوون.

ئاژانسی "ئاسیا نیوز" له‌وباره‌وه‌ بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ حكوومه‌تی ئه‌سه‌د خه‌ریكی نێوه‌ندگیرییه‌ له‌گه‌ڵ كورده‌كان، كه‌سانی سه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆن و نزیك له‌ خۆی ڕاسپاردووه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كورده‌كان گفتوگۆ بكه‌ن و چیتر ڕێگری له‌ جووتیاران نه‌كرێ، تا گه‌نمه‌كانیان به‌ حكوومه‌تی سووریا بفرۆشن. به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پاراستنی به‌كارهێنه‌رانیش له‌ حكوومه‌تی به‌عس له‌وباره‌وه‌ دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ كورده‌كان به‌هۆی كه‌می گه‌نم و به‌تاڵبوونی كۆگه‌كانی ناوچه‌كانی خۆیشیان، بۆیه‌ نایانه‌وێ گه‌نم له‌ ناوچه‌كانیان بگوێزرێته‌وه‌، به‌ڵكو خۆیان ده‌یكڕنه‌وه‌ و كۆگه‌ی ده‌كه‌ن، تا تووشی ته‌نگژه‌ نه‌بنه‌وه‌ و بتوانن خه‌ڵكی پارێزگه‌كانی باكوری ڕۆژهه‌ڵات بپارێزن.

زیاتر گوتی، به‌ڵام ئێمه‌ هیچ چاره‌سه‌رێكی ترمان نییه‌، بۆیه‌ نێوه‌ندگیری و گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین گه‌نمی جووتیارانی ناوچه‌كه‌ بكڕین و بیگه‌یه‌نینه‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی سووریا، نێوده‌نگیره‌كان له‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن و ئێمه‌یش به‌وهیوایه‌ن بتوانین بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك و كۆتایی به‌و ته‌نگژه‌یه‌ بهێنین.

حه‌سان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌نم و دانه‌وێله‌ی حكوومه‌تی ئۆپۆزسیۆن له‌وباره‌وه‌ گوتی، سه‌رجه‌م گرێبه‌سته‌كانی كڕینی گه‌نم له‌ حه‌سه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان بریتییه‌ له‌ كڕینی گه‌نمی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ نرخێكی هه‌رزانتر له‌ ناوچه‌كانی تر، بۆ نموونه‌ حكوومه‌تی دیمه‌شق هه‌ر تۆنێك گه‌نم به‌ 280 دۆلار له‌ جووتیارانی ناوچه‌كانی تر ده‌كڕێته‌وه‌، به‌ڵام ته‌نیا 170 دۆلار بۆ هه‌ر تۆنێك گه‌نمی پارێزگه‌ی حه‌سه‌كه‌ به‌ جووتیاران ده‌دات، كه‌ ئه‌مه‌یش نادادپه‌روه‌رییه‌، بۆیه‌ كورده‌كان ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه‌ گه‌نم به‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ئه‌سه‌د بفرۆشن و خۆیان كڕیویانه‌ته‌وه‌ و ئه‌مباریان كردوون.

نرخی نان و گه‌نم 100% به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و دۆخێكی قورس دروست بووه‌
له‌باره‌ی په‌نابردن بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌ گشتی و ڕووسیا به‌ تایبه‌تی، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ گه‌وره‌كانی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ له‌ جیهان، به‌رپرسانی سووریا دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ مۆسكۆ ئاماده‌ نییه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گه‌نم به‌ قه‌رز به‌ حكوومه‌تی ئه‌سه‌د بدات، جیا له‌وه‌یش كڕینی گه‌نم له‌ ده‌ره‌وه‌ و هاورده‌كردنی تێچووی زۆرتره‌ به‌ به‌راورد له‌ كڕینی له‌ ناوخۆی وڵات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا حكوومه‌تی ئه‌سه‌د چه‌ندان بازرگانی ڕاسپاردووه‌ كه‌ گه‌نم له‌ ده‌ره‌وه‌ بكڕن و بۆ سووریای بهێننه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌یش كاتی پێویسته‌ و پرۆسه‌یه‌كی ئاسان و خێرا نییه‌.

ساڵانه‌ ڕژێمی به‌عس بڕی ملیۆنێك و 500 هه‌زار تۆن گه‌نم ده‌كڕێته‌وه‌ و پێشتر به‌شێكی زۆری له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كڕدرا، به‌ڵام ساڵانی ڕابردوو بڕی 300 هه‌زار تۆن گه‌نمیان له‌ حه‌سه‌كه‌ ده‌كڕییه‌وه‌ و بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌گواسته‌وه‌، كه‌چی ئه‌مساڵ ئه‌مه‌ بوونی نه‌ماوه‌، بۆیه‌ كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ و ته‌نگژه‌ی قووڵیان لا دروست بووه‌ و تا ئێسته‌یش بێ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌.



وشە - باز ئه‌حمه‌د