سێ‌ وەزیری حكوومەت دەچنە پەرلەمان

:: AM:11:17:28/11/2020 ‌
بڕیارە ڕۆژی دووشەم پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێك دەكرێت، سێ‌ وەزیری حكوومەتیش لە دانیشتنەكە ئامادە دەبن.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تشرینی دووەم، سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی دووشەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان هەیە و گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێك دەكرێت.

لە كۆبوونەوەی رۆژی دووشەم بڕیارە حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئامادەبن 
زیاتر گوتی، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسای پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ پێشنیازە یاسای هەمواری یەكەمی زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان دەكرێت.
 
باسی لەوەش كرد، لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە خوێندنەوە و گفتوگۆ هەیە بۆ هەردوو راپۆرتی لیژنەی پێوەندییەكان و رەوەندی كوردستان، لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لەبارەی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بە ئامادەبووی وەزیرە پێوەندیدارەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان. 
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، لە كۆبوونەوەی رۆژی دووشەم بڕیارە حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئامادەبن و ڕوونكردنەوە لەسەر كۆچی گەنجان بدەن.



وشە - رامیار جەواد