کوژرانی زانا ئەتۆمییەکە کێشە ناوخۆییەکانی ئێرانی قوڵتر کردەوە

:: PM:04:55:28/11/2020 ‌
لەدوای کوژرانی موحسین فەخریزادە کە بە پیاوە ئاڵۆزەکەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران ناسرابوو، کێشە ناوخۆییەکانی ئێران قوڵتر بووەتەوە و باڵی سوپای پاسداران پەنجەی تۆمەت بۆ سەرۆک کۆماری ئێران و ریفۆڕمخوازەکان رادەکێشن.
وەزارەتی ئیتڵاعات بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشایی تەناهی لە ئێران .

ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی له‌ نزیك تاران هێرش كرایه‌ سه‌ر موحسین فه‌خریزاده،‌ کە بە باوکی ئەتۆمیی ئێران ناسرابوو و لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا خۆی و دوو پاسەوانیان کوشت.

ئەو رووداوە گورزێکی کاریگەر بوو لە بەرەوپێشبردنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و لەڕووی تەناهیشەوە بە شکستێکی مەزن هەژمار دەکرێت بۆ رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەش لەلایەن باڵی توندئاژۆی کۆماری ئیسلامییەوە قۆستراوەتەوە بۆ لێدان لە حەسەن رۆحانی کە سەر بە باڵی ریفۆرمە لەو وڵاتە.

موحسین رەزایی، سەرۆکی دەستەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران لە پەیامێکدا بەبۆنەی کوژرانی فەخریزادەوە پەنجەی تۆمەت بۆ حەسەن رۆحانی درێژ دەکات و دەڵێ، ئەو تیرۆرە پێشاندەری لاوازیی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانە.
دەزگا تەناهییەکان هیچ کاردانەوە و هەڵوێستێکیان بەرانبەر کوژرانی فەخریزادە نییە .

رەزایی کە پێشتر فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران بوو و بە یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی باڵی توندئاژۆی کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرێت، نامەیەکی بۆ حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران نووسیوە و تیایدا ئاماژەی داوە، روونە کە بەردەوامبوونی ئەو رووداوانە لاوازی دامودەزگاکانی ئیتڵاعات پێشان دەدات و دەبێ بە خێرایی ئەو لاوازییانە بنەبڕ بکرێن.

ئەگەرچی پاسەوانیکردنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەستۆی سوپای پاسدارانە، بەڵام رەزایی داوا لە حەسەن رۆحانی دەکات رێگە لەو "هەوڵە تیرۆریستییانە" بگرێت.

سەرۆکی دەستەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران بەرپرسیارێتی کوژرانی زانا ئەتۆمییەکەی ئێران دەخاتە ئەستۆی دەزگاکانی هەواڵگری ئیسڕاییل و ئەمەریکا و سعوودیە و دەڵێ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران دەبێ رژدتر بن لە بەرانبەر ئەو رووداوانە.
کوژرانی زانا ئەتۆمییەکە رسواییەکی گەورە بوو بۆ سیستمی تەناهی ئێران .

رۆژنامەی "جەوان"ی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە راپۆرتێکدا کوژرانی فەخریزادەی لەناو خاکی ئێراندا بەستووەتەوە بە لاوازییەکانی حکوومەت و وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانی بە دروستکردنی بۆشایی تەناهی لە ئێران تۆمەتبار کردووە.

ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی، یەک رۆژ دوای گۆڕینەوەی گیراوێکی بەریتانی کەسیخوڕی ئیسڕاییل بوو و راست لە شەوی ساڵوەگەڕی کوژرانی مەجید شەهریاری، سەرۆکی پێشووی دەزگای لیکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیای وەزارەتی بەرگری کە ئەویش لەناو لیستی رەشی ئەمەریکادا بوو، فەخریزادە لەناو پایتەختدا کوژرا و ئەوەش جارێکی تر ئەو بۆشاییە تەناهییە دەسەلمێنێت کە لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە دروست بووە.

ئەو رۆژنامەیە کە بە بودجەی سوپای پاسداران چاپ و بڵاو دەبێتەوە نووسیویەتی، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە بۆچی دەزگا تەناهییەکانی حکوومەت لە بەرانبەر ئەو کوشتنانەدا هیچ دژکردەوەیەکیان نەبووە و نییە؟

موجتەبا زولنووری، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێران هێرشی کردووەتە سەر باڵی ریفۆرمخواز و بە بازرگانی سیاسیی ناوی هێناون و دەڵێ، خۆزگایە بازرگانانی سیاسیی و خولیایانی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا هێندەی دوژمنانی ئێران نرخی فەخریزادەیان زانیبا و بە رژدی پارێزگارییان لە گیانی کردبا.

باڵی ریفۆرمخواز لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگی نواندووە و تا ئێستە هیچ یەک لە بەرپرسانی وەزارەتی ئیتڵاعات لێدوانیان لەبارەیەوە نەداوە، بەڵام حەسەن رۆحانی لە پەیامێکدا رای گەیاندووە، ئێران لە کاتی خۆیدا وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە.

رۆحانی بەبێ ئاماژەدا بە باڵی توندئاژۆی ئێران دەڵێ، دوژمنانی ئێمە دەیانهەوێ لەو چەند هەفتەیەی کۆتاییدا ئێران رابکێشنە ناو شەڕێکەوە کە خۆیان تیایدا براوەن، مەبەستی لە چەند هەفتەی کۆتایی، ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپە کە بڕیارە لە 20ی کانوونی دووەم دەسەڵات رادەستی جۆ بایدن بکات.

عەلی خامنەیی و حەسەن رۆحانی و زۆربەی بەرپرسانی باڵای ئێران، ئیسڕاییل بە بەرپرسیاری سەرەکی کوژرانی زانا ئەتۆمییەکەیان دەزانن و سەرجەمیان باس لە تۆڵەکردنەوە دەکەن، ئەوەش وای کردووە سەرجەم باڵوێزخانەکانی ئیسڕاییل لە سەرانسەری دنیا بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران بەڕێوەدەچێت و لە ئێستەوە کوژرانی فەخریزادە کراوە بە ئامرازێک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و لایەنەکان لە ناوخۆی ئێران یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە کەمتەرخەمی لە هەمبەر گیانی بەرپرسان.




وشە - هیدایه‌ت جان