بیر لە ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بۆ هەر تەمەنێك دەكرێتەوە

:: PM:06:51:28/11/2020 ‌

لە ماوەی رابردوو ژمارەیەك كۆمپانیای دەرمان سەركەوتنی تاقیكردنەوەكانیان و نزیكبوونەوەی بەردەستبوونی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنایان راگەیاند، كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، مەترسی زیاتریان لەسەرە، شارەزایان پێیان وایە ئەنجامە سەركەوتووەكانی ڤاكسینی ئۆكسفۆرد/ئەسترازینیكا لەسەر بەتەمەنداچووان، وا دەكات بیر لە پێدانی ڤاكسینی جیاواز بەپێی تەمەن بكەنەوە. 
ڤاكسینی جیاواز باشتر كار دەكاتە سەر هەر جۆرە تەمەنێكەوە
كۆمپانیای ئەسترازینیكا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ڤاكسینەكەی پەرەی پێ دەدەن، بە رێژەی 70% كاریگەرە بۆ پاراستن لە پەتاكە، بەڵام ئەو ئەنجامانە كاتین و پشتیان بە تاقیكردنەوەی كیلینیكی بەستووە كە لە بەریتانیان و بەرازیل ئەنجام دراوە و 20 هەزار كەسی گرتووەتەوە لەوانە 131 كەس تووشی نەخۆشییەكە بوونە.

لەكاتی تاقیكردنەوەكە لای ئەوانەی سەرەتا نیو ژەم و دوای مانگێك ژەمێكی تەواویان وەرگرتووە، كاریگەریی بۆ 90% زیادی كردووە، لەوكاتەی لای هەندێك كە دوو ژەمیان وەرگرتووە و ماوەی نێوانیان مانگێك بووە بۆ 62% كەمی كردووە، بەڵام هیچ بەشدارێكی تاقیكردنەوەكان تووشی كێشەی گەورە نەبووە بەهۆی كۆرۆنا وا بكات ببردرێتە نەخۆشخانەوە.

پرۆفیسۆر هیلین فلیچەر، مامۆستای بەرگریزانی لە كۆلێجی لەندەن دەڵێت، كاتێك ڤاكسین بەردەست دەبێت، واباشترە بۆ ئەوانەی سەرپەرشتی كارەكە دەكەن بیر لە بەرهەمهێنانی وا بكەنەوە كە كامەیان باشترە بۆ توێژێكی دانیشتوان، بۆ نموونە لە بەریتانیا سێ جۆر ڤاكسین دژ بە ئینفلەوەنزا دەدەین، بۆ منداڵ و بۆ گەنج و پیر، چونكە دەزانین ڤاكسینی جیاواز باشتر كار دەكاتە سەر هەر جۆرە تەمەنێكەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل