خۆپارێزی بەردەوام بێت.. وەزارەتی تەندروستی داوا دەكات قوتابخانەكان نەكرێنەوە

:: PM:07:37:28/11/2020 ‌

لە هەرێمی كوردستان بەهۆی مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پاراستنی گیانی قوتابیان، حكوومەت دەرگای قوتابخانەكانی داخستووە، بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە دەكات، پێشنیازی ئەوەیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە لە مانگی 12یش دەرگای قوتابخانەكان نەكرێتەوە.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئاستێكی بەرزدایە
دكتۆر خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی دۆخی تەندروستی كراوە، مەترسیی كۆرۆنا هێشتا هەیە، بۆیە ڕای وەزارەتی تەندروستی بە ڕاپۆرت بەرز دەكرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەویش ئەوەیە لە مانگی 12 دەرگای قوتابخانەكان نەكرێتەوە، چونكە هێشتا مەترسیی كۆرۆنا رژدە.

 زیاتر گوتی، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دەدات ئایا دەرگای قوتابخانەكان بكرێتەوە یان نا، بەڵام بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لەبەردەستی ئێمەیە، هێشتا دۆخەكە لەبار نییە بۆ ئەوەی قوتابخانەكان بكرێنەوە، مەترسی لە شوێنی گردبوونەوە و شوێنە قەرەباڵخەكان هەیە، بۆیە داوا دەكەین ئەو بڕیارەی هەبوو بە ڕاگرتنی خوێندن بەردەوام بێت.
 
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە دووپاتی كردەوە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئاستێكی بەرزدایە، هەرچەندە بەراورد بە سێ هەفتەی ڕابردوو زۆر كەمتر بووەتەوە، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەو ڕادەی بڵێن ئیتر ترسمان نەماوە.

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل