10 زانیاری لەسەر گەورەترین كۆمپانیای هەناردەكردنی نەوت لە دنیادا

:: AM:11:43:07/01/2018 ‌

ئارامكۆ كە گەورەترین كۆمپانیای هەناردەی نەوتە لە دنیادا، ئەمساڵ عەرەبستانی سعوودیە دەستی لێ هەڵدەگرێ و دەیكاتە كۆمپانیایەكی پشكدار و پشكەكانی دەفرۆشێت.

حكوومەتی عەرەبستانی سعوودیە بڕیاریدا ناونیشانی كۆمپانیای ئارامكۆ كە گەورەترین كۆمپانیای هەناردەی نەوتە لە دنیادا و موڵكی دەوڵەتە، لە كۆمپانیایەكی تایبەت بگۆڕێت بۆ كۆمپانیایەكی گشتی و پشكەكانی بخاتە بازاڕەكانی دنیا بە ئامانجی دەستخستنی نەختینە و پڕكردنەوەی گەنجینەی دەوڵەت و كورتهێنان لە بودجەی وڵات كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی یەمەن، زیانێكی زۆری بە ئابووری و داهاتی سعوودیە گەیاندووە.

هەنگاوەكەی حكوومەتی سعوودیە بە خستنەڕووی 5%ی پشكەكانی كۆمپانیای ئارامكۆ دەست پێدەكات كە بڕیارە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بیخاتە بازاڕەكانی جیهانی، ئەمەش دەبێتە یەكەمین هەنگاو كە حكوومەتی سعوودیە پلانی بۆ داناوە تا كۆمپانیاكانی تری موڵكی دەوڵەتیش بكات بە كۆمپانیای پشكداری.

میر محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشایەتی سعوودیە دەڵێ، پەرۆشم بۆ ئەم هەنگاوە، ئەمە بە سوودی بازاڕی پشكەكان لە سعوودیە و خودی كۆمپانیاكە تەواو دەبێت، جگە لەمە سوودی دەبێت بۆ شەفافیەت لە كۆمپانیاكە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەگەر هەبووبێت لە كۆمپانیای ئارامكۆ.

ئەو رێوشوێنەی حكوومەتی عەرەبستانی سعوودیە لە چوارچێوەی پلانی روانگە بۆ 2030 دێت كە میر محەمەد بن سەلمان لە ماوەی رابردوو رای گەیاندبوو، هەوڵێكە بۆ هەمەڕەنگ كردنی داهات لە سعوودیە كە تا ئێستەش تەنیا پشت بە نەوت دەبەستێت.

كۆمپانیای ئارامكۆ، گەورەترین كۆمپانیایە لە سعوودیە و موڵكی دەوڵەتە. هەروەها گەورەترین كۆمپانیای هەناردەی نەوتیشە لە دنیادا، ساڵی 1933 دامەزراوە، سەرەتا كۆمپانیایەكی ئەمەریكی بوو، ساڵی 1944 ناوی بۆ ئارامكۆ گۆڕا كە كورتكراوەی (كۆمپانیای زەیتی عەرەبی- ئەمەریكی) بوو.

ئارامكۆ، یەكەم بەرهەمهێنانی نەوتی لە بیری دمام ساڵی 1938 دەستپێكرد، پاشان وردە وردە بوو بە كۆمپانیایەكی حكوومی دوای ئەوەی حكوومەتی سعوودیە پشكەكانی لە كۆمپانیا ئەمەریكییەكە كڕییەوە، ساڵی 1980 بە تەواوی بوو بە موڵكی دەوڵەتی سعوودیە.

ساڵی 2015، ئیدارەدانی كۆمپانیاكە لە وەزارەتی نەوت جیا كرایەوە و ئەنجوومەنێكی بۆ دامەزرێنرا كە میری جێنشینی پادشا سەرۆكایەتی دەكرد، ئامانجیش لەمەدا پێدانی ئازادی زیاتر بوو بە كۆمپانیاكە وەك گەورەترین كۆمپانیای هەناردەی نەوت لە دنیادا.

ئەنجوومەنی ئارامكۆ لە 10 ئەندام پێكدێت، پێنج لە ئەندامانی ئەنجوومەنەكە ئارامكۆ بەڕێوە دەبەن و 65 هەزار كارمەندی هەیە.

ئارامكۆ خاوەنی 265 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە كە دەكاتە 15%ی نەوتی یەدەگی جیهانی، هەروەها خاوەنی 288 ترلیۆن پێ سێجا یەدەگی غازی سروشتییە.

حكوومەتی سعوودیە بەهای كۆمپانیای ئارامكۆی بە دوو ترلیۆن دۆلار خەمڵاندووە تا بیكات بە كۆمپانیایەكی پشكداری. بەڵام ستیڤن كلافام پسپۆڕی ئابووری دەڵێ داهاتی ساڵانەی ئارامكۆ بە 185 ملیار دۆلار مەزندە دەكرێت، بۆیە ئەگەر بەهاكەی بە دوو ترلیۆن دۆلار بخەمڵێنرێت، ئەوا دەبێت داهاتی ساڵانەی دە هێندەی ئەوەی ئێستە بێت كە 185 ملیار دۆلارە.

ئارامكۆ، جگە لە هەناردەكردنی تەواوی نەوتی عەرەبستانی سعوودیە كە رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتە، ئەوا خاوەنی چەندان پاڵاوگە و هێڵی گواستنەوەی نەوت و ناوەندی لێكۆڵینەوەیە لە سعوودیە و تەواوی دنیادا.

ئارامكۆ رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، ئەم بڕەش سێ هێندە لەو بڕە زیاترە كە كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلی ئەمەریكی دەیفرۆشێت كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی نەوتی جیهانی.

سەرچاوە/ ئیلاف


وشە - فه‌رمان سادق