دوای چەند رۆژ لە تۆمەتباركردنی ئێران بە خستنە خوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكەی 176 سەرنشینی هەڵگرتبوو، دواجار ئێران ددانی بە تاوانەكەی نا كە پێشتر بە توندی رەتی كردبووەوە.
رێك ئەو رۆژەی هێرش كرایە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، فڕۆكەیەكی ئۆكرانیش لە ئاسمانی ئێران كەوتە خوارەوە كە سەرجەم سەرنشینەكانی گیانیان لە دەست دا. وڵاتانی دنیا گومانیان خستە سەر ئێران بە مووشەك فڕۆكەكەی خستبێتە خوارەوە و دوێنێ هەینی هەندێك بەڵگەش لەلایەن ئەمەریكاوە بڵاو كرانەوە بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران بە فەرمی رەتی كردبووەوە فڕۆكەكە بە مووشەك پێكرابێت و هەموو هۆكارەكانی بۆ كێشەی تەكنیكی گەڕاندبووەوە.
ئێران هیچ دەرفەتێكی بۆ رەتكردنەوەی ئەم تۆمەتە نەمابوو
ئێران كە هیچ دەرفەتێكی بۆ رەتكردنەوەی ئەم تۆمەتە نەما، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەموو 11/1/2020 بە فەرمی بەرپرسیارێتی خستنە خوارەوەی فڕۆكەكەی لە ئەستۆ گرت و سەرۆك كۆماری ئێران داوای لێبوردنی لە بنەماڵەی قوربانیان كرد. بەگوێرەی "
ئیرنا" حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران گوتوویەتی بە هەڵە ئەم فڕۆكەیە پێ كراوە.
پێویستە بگوترێت وەك هەر رووداوێكی تر دیسان ئێران هۆكاری كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی بە ئەمەریكا گرێ داوە و دەڵێت لە كەشێكی ئاڵۆز و گوماناویدا كە مەترسی هێرشی ئەمەریكایان لەسەر بووە، ئەم فڕۆكەیە بە هەڵە لەلایەن سوپای وڵاتەكەیەوە خراوەتە خوارەوە.
بەیاننامەكەی رۆحانی سەعاتێك دوای ئەوە هات كە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران بەرپرسیارێتی خستنە خوارەوەی فڕۆكەكەی لە ئەستۆ گرت و باسی لەوە كردبوو كە فڕۆكەكە بە مەبەست نەخراوەتە خوارەوە بەڵكو هەڵەیەكی مرۆیی رووی داوە.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رای گەیاندبوو زانیاریی هەواڵگرییان لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە پێگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەدات فڕۆکە ئۆکراینییەکەی فڕۆکەخانەی تاران بە مووشەکێکی زەوی بە ئاسمانی ئێرانی خراوەتە خوارەوە، بەڵام سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران رەتی کردەوە فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە مووشەک خرابێتەخوارەوە.