بڕیارە ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێ دەكرێت
ئەمڕۆ شەموو 11ـی كانوونی دووەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، عادل عەبدولمەهدی لە سەعات 10ـی بەیانی دەگاتە فڕۆكەخانەی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێ دەكرێت.
ڕوون كراوەتەوە، لە سەردانەكە گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و كێشەی دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و چارەسەركردنی دیاریكردنی كەسێك بۆ ئەو پۆستە و گفتوگۆ لەبارەی دواین ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە.
هاتنی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق لە كاتێكدایە ئێستە عێراق بە دۆخێكی قووڵی سیاسی و تەناهی تێدەپەڕێت و چەندان ڕووداوی جۆراوجۆر لەو وڵاتە ڕوو دەدەن.
هەرێمی كوردستان لەو ڕووداوانەی لە عێراق ڕوو دەدەن بەشێوەیەكی بێلایەنانە خۆی بەدوور گرتووە و ئەوەیش بۆ پارێزگاری و دووركەوتنەوە لە شەڕی ناوچەكەیە.