چوار به‌ڕێوه‌به‌ر بۆ چوار فه‌رمانگه‌ی كه‌ركووك، به فه‌رمانی به‌نگین ڕێكانی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێبوون و شاره‌وانییه‌كانی عێراق دانراون، به‌ڵام تا ئێسته به‌هۆی ڕێگرییه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان و پارێزگاری سه‌پێنراوی شاره‌كه، نه‌یانتوانیوه ده‌ستبه‌كار بن. ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه و نیگه‌رانیی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
وه‌زیرێكی كورد فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربوونی بۆ ده‌ركردوون
٢٣ی مانگی كانوونی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری ڕابردوو، به‌نگین ڕێكانی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێبوون و شاره‌وانییه‌كانی عێراق، فه‌رمانی دامه‌زراندنی بۆ چوار به‌ڕێوه‌به‌ری كورد ده‌ركرد له كه‌ركووك، بۆ هه‌ریه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شاره‌وانیی، ئاو و ئاوه‌ڕۆی كه‌ركووك.
به‌ڵام هه‌رزوو له‌لایه‌ن عه‌ره‌ب و توركمانه‌وه ئه‌و بڕیاره ڕه‌ت كرایه‌وه، ڕاكان جبووری پارێزگاریش به‌هێز ڕێگری له ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و چوار به‌ڕێوه‌به‌ره كورده كردووه.
ناسر هه‌ركی په‌رله‌مانتاری كورد له عێراق به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، "ئێمه كه هه‌میشه باس له ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك ده‌كه‌ین به‌ر له بڕیاردان و دانانی كه‌سه‌كان، له‌به‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌یه، چونكه ناكرێ تۆ له به‌غداوه بڕیار ده‌ربكه‌یت و له‌وێ ڕێگری له بڕیاره‌كانت بكرێت و جێبه‌جێ نه‌كرێن، بۆیه ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركووك پێشتره له هه‌ر بڕیار و دامه‌زراندنی كه‌سانی كورد.
هه‌ركی نموونه دێنێته‌وه به‌وه‌ی "ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ پارێزگارێكی كوردیش له به‌غداوه دابنرێت بۆ كه‌ركووك، گره‌نتی چییه وه‌ك ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه ڕێگریی لێ ناكرێت؟ بۆیه كورد ده‌بێ سه‌ره‌تا بارودۆخه‌كان بخاته‌وه شوێنی خۆیان و به گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان هه‌نگاوه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات."
پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شیان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك هه‌یه و له گفتوگۆ و دانیشتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی كه‌ركووك به‌رده‌وامن، به‌ڵام ئاڵۆزییه‌كانی دۆخی عێراق به‌مدواییه، هه‌موو شتێكی راگرتووه.
زاگرۆس جان وه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی فه‌رمانگه‌ی ئاوه‌ڕۆی كه‌ركووك به"وشه"ـی گوت، "به بڕیاری وه‌زاره‌ت ده‌بوو ده‌ستبه‌كار بین، به‌ڵام گوشارێكی زۆری ته‌ناهیمان له‌سه‌ر بوو، بۆیه خۆم ئه‌وه‌نده گوشاره‌كان له‌سه‌رم زۆر بوون، نه‌چووم بۆ ده‌وام و ده‌ستبه‌كاربوون."
"ئێمه فه‌رمانی وه‌زاره‌تمان هه‌یه و وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری نوێ بۆ ئه‌و پۆستانه دیاری كراوین، به‌ڵام ڕێگرییه‌كان به‌شێكن له كاردانه‌وه‌ی پارێزگای كه‌ركووك به‌رانبه‌ر بڕیاره‌كه". زاگرۆس وای گوت.
له دوای ده‌ركردنی بڕیاره‌كه له‌لایه‌ن به‌نگین ڕێكانییه‌وه، ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی له كه‌ركووك له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاند، دژی ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زیری شاره‌وانین و داوای كرد ڕه‌چاوی بارودۆخی تایبه‌ت بۆ كه‌ركووك بكرێت له‌لایه‌ن وه‌زیره‌كانی عێراقه‌وه.
هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكی كورد ده‌ركراوه، توركمان یان عه‌ره‌بێك خراوه‌ته شوێنه‌كه‌ی
ئه‌و لێدوانه له كاتێكدا بوو كه ماوه‌ی دوو ساڵه كورد هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له كه‌ركووك پێ نه‌ماوه و هیچ هاوسه‌نگییه‌كیش له نێوان پێكهاته‌كاندا نه‌ماوه، به پێچه‌وانه‌وه هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكی كورد له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه ده‌ركراوه، توركمان یان عه‌ره‌بێك خراوه‌ته شوێنه‌كه‌ی.
هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویان كرده‌وه، هه‌ڵوه‌سته ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زیری شاره‌وانیی عێراق كه به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان هه‌موو له یه‌ك پێكهاته‌ن و پێكهاته‌كانی تر فه‌رامۆش كراون.
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی كه ئه‌و بڕیاره ده‌ركراوه، هێزێكی لیوای ٦١ی تایبه‌ت كه چه‌ند مانگێكه دۆسیه‌ی ته‌ناهیی كه‌ركووكیان له ئه‌ستۆیه، چوارده‌وری شاره‌وانیی كه‌ركووكیان گرتووه، به ئامانجی دروستكردنی گوشار بۆ ڕێگری له ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆكی نوێی شاره‌وانی.
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، ڕاكان جبووری بیانووی ڕێگرتنه‌كه‌ی له‌و به‌ڕێوه‌به‌ره كوردانه، بۆ ئه‌وه گه‌ڕاندووه‌ته‌وه كه پرسی پێ نه‌كراوه و ڕاسته‌وخۆ له وه‌زاره‌ته‌وه دانراون، بۆیه قبووڵی نییه ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه ده‌ستبه‌كار ببن.
وشه/ سلێمانی- هه‌ستی كه‌مال