هێمن هەورامی: ئەوانەی لە بەرژەوەندییان دەدرێت ئاستەنگ بۆ چاكسازی دروست دەكەن

:: PM:03:23:11/01/2020 ‌
ماوەی 15 رۆژە 70 پەرلەمانتار شەش راپۆرتیان لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی نووسیوە، پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكات، ئەمەش لە كاتێكدایە دەنگی ناڕەزایەتی تا دێت زیاتر دەبێت. هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێ، ئەوانەی لە بەرژەوەندییان دەدرێت فشار و كۆسپ دەدۆزنەوە و فرمسێكی تیمساحی دەڕێژن.

ئەمڕۆ شەموو 11ی كانوونی دووەم، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك، پۆستێكی لەبارەی پڕۆژەی چاكسازییەوە نووسیوە و دەڵێ، جەماوەری كوردستان دڵنیا دەكەینەوە، لەسەر بنەمای دادپەروەری و بۆ كوردستانێكی بەهێز هیچ كۆسپێك ڕێگر نابێت.

"ئەوانەی لە بەرژەوەندییان دەدرێت و لەگەڵ پڕۆژەكە نین، هەر رۆژە و فشاری جیاجیا و كۆسپ دەدۆزنەوە و لەژێر پەردەی مووچە و خانەنشینی فرمێسكی تیمساحی دەڕێژن، دەیانەوێت پڕۆژەكە لەبار ببەن". هێمن هەورامی وا دەڵێت. روو لەو كەسانەش دەكات و پێیان دەڵێ، دەبینن چۆن پابەندی بنەماكانی دادپەروەری و سەرخستنی ئیرادەی چاكسازی دەبین.

ئەوانەی حەز بەسەركەوتنی حكوومەت ناكەن، تەنیا دروشمبازی چاكسازین، ئەوانیش بە قسە هاتوون و بە دەرفەتی دەبینن


زیاتر گوتی "سیاسەت و ڕێبازی بارزانی نەمر و پابەندبوون بە كارنامە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان دوور لە موزایەدە سەر دەخەین، كەس لە هەڤاڵانمان لە دەرەوەی سیاسەت و رێبازی پیرۆز، بۆ بابەتی كەسی هەوڵ نادات و رێ نادەین یاری بە پڕۆژەكە بكرێت".

پۆستەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە، هاودەمی كۆبوونەوەی سبەی یەكشەمی پەرلەمانی كوردستانە بۆ خوێندنەوەی دووەمی كە وەك ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە پۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك روونی دەكاتەوە، كە 70 پەرلەمانتار لە شەش لیژنەدا راپۆرتیان لەسەر پڕۆژەكە ئامادە كردووە و پڕۆژەكەیان دەوڵەمەند كردووە.

پڕۆژەیاسای چاكسازی لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو لەلایەن حكوومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كرا كە یەكێكە لەو 18 پڕۆژەیەی كارنامەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەم. دوای خوێندنەوەی یەكەم ئاراستەی شەش لیژنە كرا، ئێستە لیژنەكان راپۆرتیان ئامادەیە و سبەی یەكشەم خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكرێت.

ئومێد خۆشناو لە پۆستەكەیدا بە ناوی "گیرفان یان ویژدان" دووپات لە هەڵوێستی فراكسیۆنی پارتی دەكاتەوە و دەڵێ، هەنگاوی چاكسازی ناوەستێت.

"جەماوەری كوردستان بەگشتی و بەتایبەت دەنگدەر و جەماوەری پارتی دڵنیا دەكەینەوە، هیچ سازشێك لەبارەی یاسای چاكسازی و پرۆسەی چاكسازی بەردەوام ناكەین و وەك سۆزمان بە ویژدانی خۆمان و ئێوەی هۆكاری سەركەوتنمان داوە، بەردەوام دەبین و هیچ لەمپەرێك نابێتە هۆكاری وەستان یان سستبوونمان". ئومێد خۆشناو وادەڵێ. پێی وایە بەشێك لە "پیسخۆر و بندیوار" ئەوانەی لە جێبەجێبوونی یاسای چاكسازی زیانمەند دەبن، خەریكە ڕای گشتی بە لاڕێدا دەبەن.

زیاتر گوتی "هەڵبەت ئەوانەش كە حەز بەسەركەوتنی حكوومەت ناكەن، تەنیا دروشمبازی چاكسازین، ئەوانیش بە قسە هاتوون و بە دەرفەتی دەبینن".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی روو لە جەماوەری حزبەكەی دەكات و دڵنیایان دەكاتەوە كە "خوشك و براكانتان، نوێنەرانتان، ویست و چاكسازیخوازن و لە نێوان ویژدان و گیرفان، نەك هەر گیرفان، بەڵكو خۆشیان دەكەنە قوربانی مێژووی پڕ شانازی پارتی و سەروەرییەكانی و ڕێ نادەین بەهیچ جۆرێك ئەو پڕۆژەیە ببێتە قوربانی ئەو دەنگە ناشازانەی كە چاویان بە باشی كوردستان هەڵنایەت".

زیاتر گوتی "ڕۆژانی ئایندە و گفتوگۆ ڕاستەوخۆكانی پەرلەمان زۆر ڕاستی دەردەخەن، بە پشتیوانی خودای گەورە ویژدان سەردەكەوێ و چاكسازیش هەر دەكرێ".


وشە - فه‌رمان سادق