"وشە" وەسیەتنامەی ئەحمەد عەبدولسەمەد بڵاو دەكاتەوە

:: PM:04:36:11/01/2020 ‌
رۆژنامەنووس ئەحمەد عەبدولسەمەد پەیامنێری كەناڵی دیجلە، پێش تیرۆركردنی لە پەیامێكی ڤیدیۆیی باس لە ئازادی كاری راگەیاندن لە عێراق دەكات، ئەوە دەخاتەڕوو كە هەمیشە رۆژنامەنووسان كراونەتە ئامانج و كاری میدیایی لە عێراق پڕە لە هێڵی سوور.

ئەمڕۆ شەموو 11ی كانوونی دووەم، گرتەیەكی ڤیدیۆیی رۆژنامەنووس ئەحمەد عەبدولمسەد پەیامنێری كەناڵی دیجلە لە بەسڕە بڵاو كرایەوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی كە ئەحمەد عەبدولسەمەد وەسیەتی كردووە دوای مردنی بڵاو بكرێتەوە، ئاماژە بە ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم رۆژنامەنووسان دەكات لە كاری میدیایی لە عێراقدا.

"ئایا ئازادی هەیە؟ ئایا دەتوانین قسە بكەین و رەخنە بە رەهایی بگرین؟ دەتوانین هەواڵ بە ئازادییەكی تەواو بگوازینەوە؟". ئەحمەد بەو پرسیارانە گرتە ڤیدیۆیی و وەسیەتنامەكەی تۆمار دەكات، هەر خۆیشی وەڵام دەداتەوە و پێی وایە هێڵی سوور لە كاری رۆژنامەگەری هەیە هەر دوای 2003، ئەو هێڵەش دیار نییە بەڵكو لە ناوەوەیە و رێ نادات هەموو شتێك بگوازینەوە.

ئەحمەد عەبدولسەمەد كە لە كەناڵەكانی فەیحا، ئێن ئاڕ تی عەرەبی و دیجلە كاری كردووە، باس لە دۆخی میدیا لە بەسرە دەكات كە خۆی ئەزموونی كردووە، گوتی "كاتێك رەخنە لە دەستوەردانی ئێران دەگری، یان حزبەكان یانیش میلیشیا، رووبەڕووی لێپرسینەوە و رەخنەی زۆر دەبیتەوە، تەنانەت رووبەڕووی هەڕەشەی نادیار دەبیتەوە، ئەمەش پێمان دەڵێ كە ئازادی رۆژنامەگەری نییە".

ئەحمەد عەبدولسەمەد پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی دیجلە دوێنێ هەینی 10ی كانوونی دووەم، خۆی و سەفا غالی وێنەگری كەناڵەكە دوای رووماڵی ناڕەزایەتی خەڵكی بەسرە دژ بە دەسەڵات، لەلایەن گرووپێكی چەكداری نەناسراو تیرۆر كران.

ئەحمەد لە بەشێكی تری ڤیدیۆیەكەدا هەوڵ دەدات ئەوە بۆ دەسەڵات و گرووپە چەكدارەكان روون بكاتەوە كە رۆژنامەنووس جگە لە قەڵەم هیچی تری بەدەست نییە و میدیاش دەسەڵاتی چوارەمە و كاری گواستنەوەی زانیاری و هەواڵە.

زیاد عجێلی بەڕێوەبەری روانگەی ئازادی رۆژنامەگەری دەڵێ، ئەحمەد چوار رۆژ پێش تیرۆركردنی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی تۆمار كردووە، كاتێك رووبەڕووی هەڕەشە بووەوە.

جێی باسە لە دوای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەكانی شۆڕشی تشرین كە یەكی تشرین لە بەغدا دەستی پێ كرد و ئێستە شارەكانی باشووری عێراقیشی گرتووەتەوە و ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامی هەیە، میلیشیا چەكدارەكان دەیان رۆژنامەنووسیان تیرۆر كردووە و رفاندووە.


وشە - فه‌رمان سادق