خۆپێشاندەران رەتی دەكەنەوە.. هەوڵ بۆ مانەوەی عەبدولمەهدی دەستی پێ كرد

:: PM:09:22:11/01/2020 ‌
دوای رێكنەكەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، هەوڵەكان بۆ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی بەردەوامی هەیە. سەرچاوەیەكی دەڵێ عامری بۆ رازیكردنی سەدر سەردانی ئێران دەكات. بەڵام چالاكێكی گۆڕەپانی تەحریریش دووپات لە رەتكردنەوەی عەبدولمەهدی دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 11ی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا ئاشكرای كرد كە هێزە سیاسییەكان پڕۆژەیەكیان گەنگەشە كردووە لە بارەی دووبارە راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەر بۆ دووبارە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كرد، بۆ ئەم مەبەستە هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح بەنیازە سەردانی ئێران بكات بۆ رازیكردنی موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون، گوتی "پێوەندی بەردەوامیش لەنێوان هەردوولا هەیە،بە جۆرێك عەبدولمەهدی بۆ ماوەیەك یەك ساڵ دەبێتەوە سەرۆك وەزیر و حكوومەتێكی تەكنۆكرات دادەمەزرێنێت". 

عامری بۆ رازیكردنی سەدر دەچێتە بەغدا


پێوەند بەو پرسە "وشە" چەندجارێك پێوەندی بە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی سائیروون كرد، بەڵام پێوەندییەكان سەركەوتوو نەبوون.

هەرچی خۆپێشاندەرانن لەسەر هەڵوێستی خۆیان پێداگرن كە پێشتر وەك مەرج بۆ كاندیدی بۆ حكوومەتی نوێ رایان گەیاندبوو، ئێوارەی ئەمڕۆ بە پۆستەری گەورە لەسەر مەتعەم توركی لە گۆڕەپانی تەحریر، وێنەی عادل عەبدولمەهدیان هەڵداوە و لەسەریان نووسیوە، دووبارە گەڕانەوەت رەت دەكەینەوە.

عەلی وادی رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بە "وشە"ـی راگەیاند، گۆڕەپانەكانی تەحریر لە بەغدا و شارەكانی تر، جۆرێك لە هاوئاهەنگی لەنێوانیان هەیە، بەڵام بەغدا قسەی یەكەم و كۆتایی دەكات.
زیاتر گوتی "پێشتریش عادل عەبدولمەهدی رەتكراوەتەوە، ئەو بەرپرسە لە كوشتنی زیاتر لە 600 خۆپێشاندەر و برینداربوونی زیاتر لە 25 هەزاری تر، بۆیە بە هەموو شێوەیەك كاندیدكردنەوەی عادل عەبدولمەهدی رەتكراوەیە".

هاوكاتی قسە لەسەر كاندیدكردنەوەی، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، چاودێران رایان وایە یەكێك لە ئامانجەكانی سەردانەكەی رازیكردنی لایەنە كوردستانییەكان بووە بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی.


وشە - فه‌رمان سادق