خاوەن نووسینگەكانی خانوبەرە: دۆخەكە كاتییە و بازاڕ دەگەڕێتەوە دۆخی پێشووی

:: PM:05:41:21/03/2020 ‌

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و داخستنی دوكان و بازاڕەكان، بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە و زەویوزار وەستاوە و بە گوتەی نووسینگەكانی خانوبەرە، پێش سەرهەڵدانی نەخۆشییەكە بازاڕ زۆر باش بوو، بەڵام ئێستە مامەڵەكردن وەستاوە و خەڵك بە پەرۆشەوە چاوەڕانی كۆتاهاتنی دۆخەكەن، بۆ دەست پێكردنەوەی مامەڵەكردن.
وەستانی بازاڕ پێوەستە بە داخستنی دوكان و نەهاتنەدەرەوەی هاووڵاتییان
ئەمڕۆ شەموو 21ی ئادار، نەژاد ساڵح، خاوەنی نووسینگەی خانوبەرە لە گەڕەكی هەواری شاری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، پێش ئەوەی نەخۆشی كۆرۆنا بڵاو ببێتەوە، بازاڕەكە زۆر خۆش بوو و بەردەوام كڕیاڕ و فرۆشیار هەبوو، بەرەو كرانەوەی زیاتر دەڕۆیشتین.

زیاتر گوتی، دوای ئەوەی نەخۆشییەكە بڵاو بووەوە و بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ درا، كە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و پاراستنی گیانیان بوو، بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانوبەرە و زەویوزار وەستا و هیچ بازاڕێك نییە و پێوەندیمان پێوە ناكرێت، چونكە نووسینگەكان ناكەینەوە و خەڵك لە ماڵی خۆیەتی بۆ خۆپارێزی.

ئەو خاوەن نووسینگە روونی كردەوە، وەستانی بازاڕەكە تەنیا پێوەندی بە دۆخەكەوە هەیە و لەگەڵ تەواوبوونی ئەو دۆخە و تێپەڕاندنی ئەو نەخۆشییە، بە دڵنیاییەوە بازاڕ دەگەڕێتەوە بۆ رێچكەی جارانی خۆی و كڕین و فرۆشتنەكان دەست پێ دەكەنەوە.

ئەنوەر سەعید، خاوەنی نووسینگەی خانو و زەوی لە بەشی رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، وەستانی بازاڕەكە پێوەست نییە بە خراپیی دۆخی دارایی و ئابووری هاووڵاتییان، بەڵكو هۆكارەكە تەنیا داخستنی دوكانەكان و نەهاتنەدەرەوەی هاووڵاتییان و وەستانی هەموو جووڵەیەكە لە بازاڕ.

دووپاتی كردەوە، گۆڕانكاری بە سەر نرخ و شت نایەت و لەگەڵ تەواوبوونی ئەو دۆخە بازاڕ دەگەڕێتەوە پێش بڵاوبوونەوەی نەخۆشیییەكە و جوڵەی باشتر دەكەوێتە بازاڕەوە.

هەرێمی كوردستان بەهۆی هەڵكەوتەی ناوچەكە و دەوڵەمەند بە سەرچاوەی داهات، ئابوورییەكی بەهێزی هەیە و شوێنێكی گونجاو و لەباری بۆ بازرگانی و كۆمپانیاكان هەبووە و چاوەڕوان دەكرێت دوای تێپەڕبوونی ئەو دۆخە بازاڕ بگەڕێتەوە رێچكەی جارانی.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل