كۆرۆنا.. وەزارەتی تەندروستیی عێراق وریایی دەدات و دوا ئاماریش بڵاو دەكاتەوە

:: PM:05:53:21/03/2020 ‌

كۆرۆنا لە عێراق بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە و هاووڵاتییانیش وەك پێویست پابەندی رێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق و شانەی تەنگژە نابن، وەزارەتی تەندروستی وێڕای بڵاوكردنەوەی دوا ئاماری توشوبووان لە عێراق، وریایی لە ئەگەری پابەند نەبوون بە رێنوێنییەكان دەدات.
دەبێت سەردانیكارانی مەزارەكان خۆیان داببڕن و پشكنینیان بۆ بكرێت
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتەكە ئەمڕۆ شەموو داوای لە هاووڵاتییان كرد پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن و هاتوچۆكردن لە نێوان گربوونەوەكان بوەستێنن، بەتایبەتی دوای كۆتاهاتنی رێورەسمی سەردانیكردنی مەزارەكان دەبێت بەشداران بۆ ماوەی دوو هەفتە خۆیان داببڕن بۆ ئەوەی تیمەكان بتوانن پشكنینیان بۆ بكەن و خۆیان و خێزانەكانیان و ناوچەكانی تیایدا نیشتەجێن بپارێزن.  

لەلایەكی تر وەزارەتی تە ندروستیی عێراق ئەمڕۆ شەموو تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی تری تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 214 حاڵەت، ئەوەیش دوای پشكنینی 350 حاڵەتی گەمانلێكراو لە تاقیگەكانی سەر بەو وەزارەتە، هەرچی مردنە 17 حاڵەت هەیە و ئەوانەیشی چاك بوونەتەوە ژمارەیان گەیشتووەتە 51 حاڵەت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل